توركیا داهاتی قاوەی زیاتر لە ١٥٤ ملیۆن دۆلار بووە

كارزان گلی – هه‌ولێر

توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی، رێژەیەكی زۆر قاوە بەرهەم دەهێنێت و بۆ وڵاتانی دەرەوەی دەنێرێت، تەنیا لە ماوەی چوار ساڵدا، زیاتر لە ١٥٤ملیۆن دۆلار داهاتی قاوە بووە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، لە ٢٠٢٠ـەوە تا ٢٠٢٤، توركیا بایی ١٥٤ملیۆن و ٦٩٠هەزار و ٨٨١ دۆلار قاوەی بە وڵاتان فرۆشتووە.
لە ٢٠٢٠دا، بایی ٢٠ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلار قاوەی فرۆشتووە، لە ٢٠٢١دا ئەو بڕە زیادی کردووە و بووەتە ٢٣ملیۆن و ٨٠٠هەزار دۆلار و، لە ٢٠٢٤ـدا بووەتە ٣٤ملیۆن دۆلار؛ واتە ساڵ‌بەساڵ رێژەی فرۆشتنی قاوەی توركی بەرز بووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، وڵاتان زۆر داواكارییان لەسەر قاوەی توركی هەیە، بەجۆرێك ١٤٦ وڵاتی جیهان داوای قاوەی توركی دەكەن.توركیا، بەشێوەیەكی سەرەكی قاوە دەفرۆشێتە ئەمریكا، بیلارووس، هۆڵەندا، قوبرس و سعوودیا و، ئەو وڵاتانە زۆرترین كڕیاری قاوەی توركین.
ئەوەی لە میدیاكانی توركیا باس دەكرێت لەبارەی قاوەی توركی، لە میدیاكانی جیهان و بەتایبەت ئەو میدیایانەی بێلایەنن لە توركیا شتێكی ترە، ئەوان پێیان وایە زۆربەی ئەو قاوەیەی توركیا دەیفرۆشێت، قاوەی كوردییە نەک توركی، بەڵام بەهۆی ئەوەی كورد وڵاتی نییە، بۆیە بە ناوی قاوەی توركی دەچێتە بازاڕەكانی جیهانەوە.
قاوەی قەزوان، ١٠٠ ساڵە هەیە و توركیا ئەو قاوەیەی بۆ ئەورووپا نادرووە، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەو قاوەیە كوردییە و لە داری قەزوان لە باكووری كوردستان بەرهەم دێت، كەچی توركیا کردوویەتی بە ناوی خۆیەوە.
وەكوو ئەوەی چەند میدیایەكی جیهانی باسی دەكەن، ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر، قاوەی قەزوان بە ناوی قاوەی كوردی لە فەرەنسا فرۆشراوە، پاشان ناوەكەی بۆ قاوەی توركی گۆڕدراوە.
جیا لە قاوە، توركیا بۆرەگی كوردیشی بە ناوی خۆیەوە كردووە، لە كاتێكدا بۆرەگ، خواردنێكی كوردییە و سەرەتا لە باكووری كوردستان دروست كراوە.
چەند مانگێک لەمەوبەر، لەناو پەرلەمانی توركیا، دەمەقاڵی لە نێوان چەند پەرلەمانتارێكی كورد و تورک دروست بوو لەسەر بۆرەگ، كە كوردەكان گلەیییان كرد، بەوەی بۆرەگ خواردنێكی كوردییە، كەچی توركیا بە ناوی خۆیەوە دەینێرێتە درەوەی توركیا و هەروەها لەناو توركیاش بە ناوی بۆرەگی توركی دەیفرۆشێت.
پاشان كۆک بوون لەسەر ئەوەی، بۆرەگ خواردنێكی كوردییە و داوای لێبوردنیان كرد، كە چەندین ساڵە ئەو خواردنە خۆشە، بە ناوی خواردنێكی تورك دەفرۆشرێت.