نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە

نرخی زێڕ ئەمڕۆ ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتەبەر، دوای ئەوەی لەماوەی دوو رۆژی پێشتردا دابەزینی بەخۆیەوە بینیبوو.

نرخی یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ (سێشەممە، 1-10-2024) لە 2634 دۆلارەوە بۆ 2638 دۆلار بەرزبووەوە.

دابەزینی نرخی زێڕ لە دوو رۆژی رابردوودا سەرەڕای ئەوە روودەدات کە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەیان سەندووە، بەڵام ئەوەی یارمەتیی دابەزینی نرخی زێڕی داوە، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارە بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە.

لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیە، لە رۆژی دووشەممەوە بەهای دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەوەش نرخی زێڕی دابەزاندووە.

بەپێی شرۆڤەکاران؛ پێشبینی دەکرێت، پاشەکشەی چەند رۆژی رابردووی نرخی زێڕ، پاشەکشەیەکی سنووردار بێت و بەهۆی کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن بازرگانانەوە روویدابێت.

لە مانگی ئەیلوولدا نرخی زێڕ بەڕێژی 5.4٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

لەڕووی تەکنیکییەوە ئەگەر نرخی زێڕ نەتوانێت بۆ نزیکەی بەرزترین ئاستەکانی 2685 دۆلار بەرزببێتەوە، ئەگەری دابەزینی بۆ نزیکەی 2600 دۆلار هەیە.

ھەواڵی زیاتر