نرخی زێڕ ئاستێکی نوێی مێژوویی تۆمارکرد

ئەمڕۆ دووشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، لە یەکەم رۆژی دەستپێکی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیەدا نرخی زێڕ ئاستێکی مێژوویی نوێی تۆمار کرد و نرخی یەک ئۆنسەی بەرزبووەوە بۆ 2630 دۆلار.

گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بەردەوام پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.

لالالیت سریجاندرۆم، شارەزای بازاڕە داراییەکانی سەر بە پلاتفۆڕمی (ئێف ئێکس ستریت) دەڵێت، “ئەگەری کەمکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بەڕیژەی 0.5٪ـی دیکە، هاوکات لەگەڵ تەشەنەکردنی شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان بوونەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.”

بەپێی ئەو شرۆڤەکارە، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە، ئەگەری سنوورداربوونی بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی نرخی زێڕ لە ئارادایە، بەڵام لەڕووی تەکنیکییەوە شکاندنی ئاستی 2630 دۆلار رێگەی خۆش کردووە بۆ ئەوەی نرخی زێڕ تاوەکو 2700 دۆلاریش بەرزبێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە هەروەها ئامارەکانی پەیوەست بە نرخی کۆفرۆشی لە ئەمریکا بڵاودەبنەوە و پێشبینی دەکرێت کاریگەری لەسەر نرخی کانزای زەرد دابنێت.

ھەواڵی زیاتر