سێ هۆکاری هەرە کاریگەری سەر بازاڕی نەوتی دنیا

ئاریان دەرگەڵەیی – هه‌ولێر

بەهرۆز جەعفەر لە تازەترین توێژینەوەی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە زیاتر لە دە هۆکار، کار دەکەنە سەر بازاڕی نەوتی جیهان؛ بەڵام لە دوای جەنگی ئۆکراینەوە، توێژەران و ناوەندە جیهانییە جیاجیاکان چاویان لەسەر سێ فاکتەری سەرەکییە:

  • گرژییە جیۆپۆڵەتیکەکان (بە تایبەت لە میانەی جەنگی ئۆکراین و غەزەوە).
  • فاکتەری چین (خواستی زۆر بێت، نرخ بەرز دەبێتەوە.)
  • فاکتەری ئۆپیک پڵەس (کاریگەرییان کەمتر بووەتەوە لەسەر نرخدانان)
    بەهرۆز جەعفەر توێژینەوەیەکی نوێی بڵاو کردووەتەوە بە ناوی: (بۆچی سەرەڕای گرژییە جیۆپۆڵەتیکییەکان نرخی نەوت سەقامگیرتر بوو؟) و ڕوونوسێکی توێژینەوەکەی بۆ (هەولێر) ناردووە و، باس لەوە دەکا کە لەشکرکێشییەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر سیاسەتەکانی وزە و کەشوهەوای یەکیەتیی ئەوروپا دانا. بەو هۆیەوە یەکیەتیی ئەوروپا ڕێبازی خۆی بۆ جیۆپۆلەتیکی ئاسایشی وزە داڕشتەوە، لە کاتێکدا ماوەیەکی زۆر بوو ئەوروپا بە دوای برێت و بەدیلی وزەی ڕووسیادا دەگەڕا. پابەندبوونی خۆی بە گواستنەوەی وزە لە ناوخۆ و لە ڕێگەی کردەوە دەرەکییەکانیشەوە بەرز کردەوە، وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتیی ئەوروپا توانییان هاوسەنگییەک لە نێوان گرانبوونی سووتەمەنی، جەنگەکە و لێکەوتە مرۆییەکانی، گرانبوونی کاڵا و تێچووی ژیان ڕابگرن.
    سەردەمی دوای سەرهەڵدانی جەنگی ئۆکراین، دەستەڵاتی جیۆپۆلەتیکی کاردانەوەی هەبوو لەسەر درووشم و ڕێبازەکانی یەکیەتیی ئەوروپا بۆ ئاسایشی وزە و کەشوهەوا، چوونکە ڕێبازەکە گۆڕا بۆ جەختکردنەوە لە سەر پرسە ئەمنییە سەختەکان. سەرەڕای ئەوەی دیموکراسییەت و بوونی دامەزراوەی بەهێز لە ئەوروپا و ئەمریکا زامنی بە بەهێزیی مانەوەیە، بەڵام جەنگی ئۆکراین و، شەڕی غەزە و، لێشاوی کۆچبەر و تێچووە داراییە- بەرزەکانی لەسەر خۆرئاوا، وای کرد کە ئێمە دووکەڵی ڕەش و ئامادەکاری بۆ جەنگ لە ئەوروپا ببینین، لە هەمان کاتدا کرانەوەی کولتووری و هەمەچەشنکردنی سەرچاوە ئابورییەکان و بایەخدانی بەرچاو بە وزەی پاک و پرۆژە ستراتیجییە- هاوچەرخەکان لە کەنداو ببینین.
    هەر لە توێژینەوەکەیدا ئەو دەڵێت: دەبینین، سەرەڕای گرژییە جیۆپۆڵەتیکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەچی نرخی نەوت بە جێگیری مایەوە؟ چاوەڕێ دەکرا جیهان وەکو ساڵی ١٩٧٣ ڕووبەڕووی قەیرانی وزە ببێتەوە، ئەمە ڕووی نەدا؟ چین، نزیکەی ٥٠٪ـی نەوتی خۆی لە شەش وڵاتی کەنداوەوە دابین دەکات. کاتێک وڵاتانی کەنداو بە تایبەتی سعودییە دەیەوێ کەمێک زیاتر نەوت بەرهەم بهێنێت بۆ ئەوەی قەرەبووی کەمتر بەرهەم‌هێنانی مانگی پێشووتری بکاتەوە، چین خواستی کەمتر دەبێت (بەهۆی هەندێ هۆکاری بابەتییەوە) ئیتر نرخی نەوت دێتە خوارێ، وەک بینیمان لە سەرەتای سێپتەمبەری ٢٠٢٤ـی زایینییەوە لە ماوەی هەفتەیەکدا نەوت نزیکەی ٤٪ـی نرخەکەی خۆی لە بازاڕە جیهانییەکاندا لەدەست دا.
    لە بەشێکی توێژینەکە ئەو ئاماژەی بەوە داوە کە زیاتر لەوە، ئۆپیک وەک جاران کاریگەریی نەماوە لە دیاریکردنی نرخ، دەستەڵاتی ئۆپیک بە دیاریکراوی نزیکەی (٤٠٪)ـە بەسەر نرخ دانانەوە. ئەوەش چەندین هۆکاری هەیە، یەکێک لەوانە چین، کەنداو، ئەمریکا و ئەوروپا بە چڕی کار لەسەر وزەی پاک دەکەن، دەیانەوێ بە شێوەی ڕێژەیی کاربۆن کەم بکەنەوە، بایەخدان بە هایدرۆجینی سەوز زیادی کردوە. ئینجا وڵاتانی ئۆپیک پڵەس (١٠ وڵاتی ئۆپیک و ١٢ ولاتەکەی تر) هەلومەرجیان جیاوازە و، وەکو یەک نییە؛ بۆ نموونە ئەنگۆلا هەر کشایەوە لە ئۆپیک پڵەس، سعودییە جارجار هەنگاوی پێچەوانە دەنێت.
    هاوکات، چین لە زۆر وڵاتی دنیا خەریکی پاتری کارەبایی و لیتیۆمە. بە تایبەتی لە ئەفغانستان، کە بە “سعودییەی لیتیۆم” ناو دەبرێ، چین لە ٢٠٢٣ـدا دوو گرێبەستی لەگەڵ تاڵیباندا واژۆ کردووە، یەکەمیان بە بەهای نزیکەی ٤٥٠ملیۆن دۆلار و دووەمیان گەورەترە لە کۆگاکانی لیتیۆمدا بە بەهای ٦ملیار دۆلار.
ھەواڵی زیاتر