یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

نرخی نەوتی برێنت بەرزبووەوە

نرخەکانی نەوت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکاندا لەم هەفتەیە، یەک دۆلار بەرزبوونەوە.

نزیکبوونەوەی باهۆز و زریان لە کەنارە ئاوییەکانی کەنداوی مەکسیکۆ کە کێڵگە نەوتییە گەورەکانی ئەمریکا و پاڵاوگەکانی لێیە، بەپێی شرۆڤەکاران، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.

نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، ئەمڕۆ 99 سەنت بەرزبووەوە و یەک بەرمیلی بە 72 دۆلار و 5 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1 دۆلار بەرزبووەوە و بە 68 دۆلار و 67 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

60٪ـی پاڵاوگە نەوتییەکانی ئەمریکا لە کەنارە ئاوییەکانی کەنداوی مەکسیکۆن، کە ناوەندی باهۆزی ئەمریکا رایگەیاندووە بە ئەگەری زۆرەوە ئەو کەشوهەوا توندەی هەیە، دەگاتە ئەو کەنارە ئاوییانە.

تینا تێنگ، شرۆڤەکاری سەربەخۆی بازاڕە داراییەکان رایگەیاند، “هەفتەی رابردوو قەبارەی فرۆشی نەوت لە رادەبەدەر کەم بووەوە و رۆژی دووشەممە لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکان، هەستی بازرگانان گۆڕدراوە بەوەی کە زیاد لە ئاستی خۆی، نرخی نەوت دابەزیوە، بەو هۆیەشەوە بازرگانان دەستیان بە کڕینی نەوت کردووە.”

هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی برێنت 10٪ دابەزی و نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش 8٪ـی بەهای خۆی لەدەستدا.

شرۆڤەکارانی بانکی ئۆسترالیی نیوزلاندی رایانگەیاندووە “داتا لاوازەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا، نرخی نەوتیان بۆ کەمترین ئاستی 11 مانگی رابردوو دابەزاندووە.”