نرخی نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 76 دۆلار دابەزی

نرخی نەوت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی.

هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت، پلانی خستنەڕووی زیاتری نەوتە لە مانگی 10 ـدا لەلایەن بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس.

نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 57 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 76 دۆلار و 36 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 50 سەنت دابەزی و بە 73 دۆلار و 5 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

دابەزینی نرخی نەوت ئەمڕۆ (دووشەممە، 2-9-2024) لە درێژەی دابەزینی هەفتەی رابردووی نرخی نەوتە، کە هەفتەی رابردوو نەوتی برێنت بە رێژەی 0.3٪ و نرخی نەوتی سووکی تەکساس بە رێژەی 1.7٪ دابەزی.

بەپێی چەند سەرچاوەیە لە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، بەرهەمهێنەرانی نەوت درێژە بە پلانی خۆیان بۆ خستنەڕووی زیاتری نەوتی خاو لە بازاڕەکاندا دەدەن.

وەک بەشێک لە پلانی هاوپەیمانییەکە بۆ زیادکردنی خستنەڕووی 2.2 ملیۆن بەرمیل نەوت تاوەکو کۆتایی 2025، بەرهەمهێنەرانی نەوت بەپێی ئەو خشتەیەی دایانناوە لە مانگی 10ـوە رۆژانە 180 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر دەخەنەڕوو.

تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری کۆمپانیای راوێژکاریی IG رایگەیاند، بە بڕوای ئەو خستنەڕووی زیاتری نەوت لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە پەیوەستە بەوەی تاوەکو چەند نرخی نەوتی سووکی تەکساس لە 80 دۆلار نزیکدەبێتەوە.

بەپێی ئەو شرۆڤەکارە کەمبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن چین و ئەمریکاوە بە ئەگەری زۆرە گوشار بۆ نرخەکانی نەوت دروستدەکات.