شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

نرخی نەوت و زێڕ کەمێک دابەزی

نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ کەمتر لە 80 دۆلار و نرخی یەک ئۆنسە زێڕ نزیکەی 10 دۆلار دابەزی.

هەرچەندە نیگەرانی لە وەستانی بەرهەمهێنانی نەوتی لیبیا و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرەتای ئەم هەفتەیە نرخی نەوتی برێنتی بەرزکردبووەوە بۆ سەرووی 81 دۆلار، بەڵام کەمبوونەوەی خواست لەسەر سووتەمەنی و فرۆشی نەوت لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە نرخەکەی دابەزاند.

یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 30 سەنت دابەزی و بە 79 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش  بەهەمان شێواز دابەزی و بەرمیلێکی بە 76 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت، فرۆشتنی زۆری نەوتە لەلایەن سندووقەکانی وەبەرهێنان.

بەپێی داتاکان، سندووقەکانی وەبەرهێنان لە هەفتەی رابردوودا 48 ملیۆن بەرمیل نەوتیان فرۆشتووە و ئەوەش هۆکاری دابەزینی نرخی نەوتە.

بەپێی تۆماری بازاڕەکانی بۆرسە، سندووقەکانی وەبەرهێنان لە سەرەتای مانگی حەوتەوە زیاتر فرۆشیاری نەوتن و کەمتر کڕیارن.

لە سەرەتای مانگی حەوتەوە ئەو سندووقانەی کە وەبەرهێنان لە نەوتدا دەکەن 346 ملیۆن بەرمیل نەوتیان فرۆشتووە.

سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوت، بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، پێشبینیدەکرێت نرخی نەوت لە ئاستەکانی ئێستا زیاتر دانەبەزێت.

یەک ئۆنسە زێڕ بە 2515 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ نزیکەی 10 دۆلار دابەزی و بە 2515 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

رۆژی سێشەممە نرخی زێڕ تاوەکو 2529 دۆلار بەرزبووەوە، بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە، زێڕ قازانجەکانی رۆژی رابردووی لەدەستدا.

کرسیتین بۆرجن، شرۆڤەکاری سەر بە پلاتفۆرمی (ئێف ئێکس ستریت) لەو بارەیەوە رایگەیاند، ” ئەگەر ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کار و نرخەکانی بەکاربەر لە ئەمریکا لەم مانگەدا لاوازییان پێوەدیاربێت، بە ئەگەری زۆرەوە نرخی زێڕ بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە”.

ئەو شرۆڤەکارە هەروەها پێیوایە، لە رووی تەکنیکیشەوە، بەهۆی ئەوەی کە نرخی زێڕ بە باشی پارێزگاری لە ئاستی 2500 دۆلار کردووە، بە ئەگەری زۆرەوە دەتوانێت زیاتر بەرزبێتەوە بۆ 2550 دۆلار.

ئەگەر ئامارەکانی ئابووریی ئەمریکا بەپێچەوانەی پێشبینیەکان، ئاماژە بە بەهێزی ئابووریی ئەمریکا بدەن، نرخی زێڕ ئەگەری دابەزینی بۆ خوارەوەی 2500 دۆلار هەیە.

ئەگەر نرخی زێڕ نەتوانێت بەرگەی 2483 دۆلار بگرێت، بە ئەگەری زۆرەوە تاوەکو 2450 و دۆلار و 2410 دۆلاریش دادەبەزێت.