یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

نرخی نەوتی برێنت بۆ زیاتر لە 79 دۆلار بەرزبووەوە

نرخی نەوت بەهۆی تەشەنەکردنی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەرزبووەوە.

ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، هەروەها پاڵپشتی زیاتری بۆ نرخی نەوت دروستکردووە.

ئەمڕۆ ( دووشەممە، 26-8-2024) نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 37 سەنت بەرزبووەوە و بە 79 دۆلار و 39 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 36 سەنت بەرزبووەوە و بە 75 دۆلار و 15 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

رۆژی یەکشەممە حیزبوڵای لوبنان بە سەدان موشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لەبەرامبەردا ئیسرائیل وەڵامی تووندی حیزبوڵای دایەوە.

نیگەرانی لە پچڕانی گواستنەوەی نەوت لە ئەگەری شەڕێکی بەرفراوانی ناوچەیی، پاڵپشتیی زیاتری بۆ نرخی نەوت دروستکردووە. 

تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، “پەرەسەندنی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئەگەری زۆرەوە نرخی نەوتی برێنت تاوەکو 80 دۆلار هاندەدات. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بەرزدەکاتەوە بۆ 77 دۆلار.”

نرخی نەوت رۆژی هەینی بەڕێژەی 2٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیبوو دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند ‘کاتی ئەوە هاتووە سوودی بانکی کەمبکرێتەوە.’

کەمکردنەوەی سوودی بانکی، دەتوانێت خواستی کۆمپانیاکان بۆ بەکارهێنانی نەوت زیاد بکات.