رۆژی هەینی لە دوایین چرکەکانی داخستنی بازاڕ، نرخی نەوت بە رێژەی زیاتر لە 2٪ بەرزبووەوە و نەوتی برێنت گەیشتە 79 دۆلار.
لێدوانەکانی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە ئاماژەی بەوەدا کاتی هاتووە سوودی بانکی لەو وڵاتە دابەزێنن، ئاگری لە بازاڕە داراییەکان بەرداوە و کۆی بازاڕەکانی جیهانی بەرزکردووەتەوە، لە نێویشیاندا نرخی نەوت.
یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە رێژەی 2.33٪، یەکسان بە 1 دۆلار و 80 سەنت بەرزبووەوە و بە 79 دۆلار و 2 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە رێژەی 2.49٪ واتە 1 دۆلار و 82 سەنت بەرزبووەوە و یەک بەرمیلی بە 74 دۆلار و 83 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
فیل فلین، راوێژکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (پرایس فیوچەر گرووپ) لەو بارەیەوە رایگەیاند: “بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوورە لەسەر دەستپێکردنی پرۆسەی کەمکردنەوەی سوودی بانکی و ئەوەش کاریگەریی لەسەر هەموو بازاڕەکان داناوە.”
بانکی مۆرگن ستانلی، یەکێک لە بانکە گەورەکانی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بە کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا کردووە کە پاڵپشتیی بۆ نرخی نەوت دروستکردووە.
بەپێی داتا فەرمییەکان، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا 1.2 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە.