نرخی نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 77 دۆلار دابەزی

نرخی نەوت بەهۆی کەمبوونەوەی مەترسییە جیۆسیاسییەکان و کەمبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە، دابەزی.

لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ (سێشەممە، 20-8-2024) نرخی نەوتی برێنت 53 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 77 دۆلار و 13 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 50 سەنت دابەزی و بە 73 دۆلار و 87 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

دابەزینی زیاتری نرخی نەوت لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممەش نخی نەوتی برێنت بەڕێژەی 2.5٪ و نەوتی سووکی تەکساسیش بەڕێژەی 3٪ دابەزیبوون.

ییپ جون رۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، “نرخەکانی نەوت کاریگەریی ئەگەری ئاگربەست لە غەززەیان لەسەرە.”

ئەو شرۆڤەکارە دەڵێ “پێدەچێت ئاگربەست لە غەززە جێبەجێبکرێت، ئەوەش هۆکارە بۆ رەواندنەوەی مەترسییە جیۆسیاسییەکان.”

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاندبوو “بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشنیازێکی ئەمریکای پەسندکردووە بۆ ئەوەی ئەو خاڵانەی هۆکاری ناکۆکین لە بەدیهاتنی ئاگربەست لە غەززە، چارەسەربکرێن” داواشی لە حەماس کرد، ئەوانیش پێشنیازەکەی ئەمریکا پەسندبکەن. 

لەلایەکی دیکەوە ئەگەری کەمبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە بۆ بەکارهێنانی نەوت، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە باڵی بەسەر بازاڕی نەوتدا کشاندووە و بووەتە هۆکارێکی دیکەی دابەزاندنی نرخەکان.

ھەواڵی زیاتر