نرخی نەوت بەرزبووەوە و زێڕ دابەزی

ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 81 دۆلار بەرزبووەوە. هەروەها نرخی کانزای زەرد (زێڕ) بەڕێژەیەکی کەم دابەزینی بەخۆیەوە بینی و یەک ئۆنسە بە 2462 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ کەمبوونەوەی قەبارەی نەوت و بەنزینی کۆگاکراو لە ئەمریکا دەگەڕێتەوە.

گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەلایەکی دیکەوە، پاڵپشتی زیاتری بۆ نرخی نەوت دروستکردووە.

ئەگەر هاتوو ئێران و ئیسرائیل بکەونە ناو شەڕێکی راستەوخۆ، ئەگەری پچڕانی گواستنەوەی نەوت لە ئارادایە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 30 سەنت بەرزبووەوە و بە 80 دۆلار و 99 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

هەروەها  نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 38 سەنت بەرزبووەوە و بە 78 دۆلار و 73 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، لە هەفتەی رابردوو قەبارەی نەوتی کۆگاکراوە لە ئەمریکا زیاتر لە 5 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە کە پاڵپشتی بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە.

نرخی زێڕ دابەزی

دوای ئەوەی نرخی زێڕ رۆژی دووشەممە بەرزبووەوە بۆ ئاستە بەرزەکانی 2472 دۆلار، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو، نرخی کانزای زەرد بەڕێژەیەکی کەم دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ دابەزی بۆ 2462 دۆلار.

دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ، ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسانی مانگی 7 بڵاودەبنەوە کە دەتوانێت ئاراستەی سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرا بکات.

پێشبینی دەکرێت هەڵاوسان لە مانگی 7ی ئەم ساڵ بەراورد بە مانگی پێشتر بەڕێژەی 0.2٪ بەرزبووبێتەوە.

هەروەها لە ئاستی ساڵانە پێشبینی دەکرێت هەڵاوسان 3.2٪ بێت.

کایل رۆدا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری کاپیتاڵ دۆت کۆم لەو بارەیەوە رایگەیاند، “ئەگەر ئامارەکانی هەڵاوسان هاوتەریب نەبن لەو پێشبینییانەی کە کراون، ئەگەری دابەزینی نرخی زێڕ بۆ ئاستی 2300 دۆلار لە ئارادایە”.

رۆژی سێشەممە ئامارەکانی کۆفرۆشی لە ئەمریکا بڵاوبوونەوە. بەپێی ئەو ئامارانە نرخەکانی کۆفرۆشی کەمتر لە ئاستی چاوەڕوانکراو بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە. ئەمە بووەتە هۆکار بازرگانان چاوەڕێی دابەزاندنی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە لە مانگی ئەیلول بکەن.

بازرگانان ئێستا دەرفەتی دابەزاندنی سوودی بانکی لە ئەمریکا بەڕێژەی 0.5٪ بە 54٪ دەبینین.

رافایل بۆستیک، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لقی ئاتلانتا لەو بارەیەوە رایگەیاند، “بانکی ناوەندی چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ئاماری نوێ دەکات بەر لەوەی بڕیار لەسەر دابەزاندنی سوودی بانکی بدەن”.

زێڕ بە بەردەوامی وەک سامانێک ناسراوە لە دژی تەشەنەکردنی مەترسییە جیۆسیاسییەکان؛ گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە چەند هەفتەی رابردوو پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە بە چەشنێک مانگی رابردوو نرخی یەک ئۆنسە زێڕ 2480 دۆلاری تێپەڕاند کە بەرزترین ئاستی لە مێژوودا بوو.