زیاتر لە 400 هەزار فەرمانبەر لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمارکراون

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من کۆبووەوە و ڕایگەیاند؛ جێبەجێکردنی پرۆژەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دووموچەیی و ڕێگری لە سپیکردنەوەی پارە و خۆدزینەوە لە باج و چەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی پێشکەش بە فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات.
پرۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەران لە پرۆژەی هەژماری من لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی هەشت بانکی حکومی و ناحکومییەوە بەردەوامە، کە سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە باوەڕپێکراون و ڕەزامەندیی بەشداریی پرۆژەکەیان پێ دراوە. 

وەزیری دارایی بڕیاری دا کاراسانی زیاتر بۆ تیمەکان بکرێت، تا پرۆسەکە خێراتر بکرێت و پێش ئەو وادەیەی بۆی دیاری کراوە سەرجەم مووچەخۆران ببنە خاوەن هەژماری بانکیی خۆیان ، هەروەک بڕیاریش درا مۆڵەتی تا یەکی ئەیلولی ئەمساڵ بە فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزەکانی پێشمەرگە لە لیوا هاوبەشەکان بدرێت، لە پارێزگەی هەولێر کە تا ئێستا خۆیان لە پرۆژەکە تۆمار نەکردووە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من، دوایین داتا و ئاماری پرۆژەکەیان خستە ڕوو، بە جۆرێک تا ئێستا زیاتر لە 400 هەزار فەرمانبەر لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە پرۆژەکە تۆمارکراون و نزیکەی 240 هەزار کارتی بانکیش دابەش کراون، هاوکات ئەم مانگە زیاتر لە 50 هەزار مووچەخۆر کە لە 135 یەکەی ژمێریاری لە سەرجەم وەزارەتەکان پێکهاتبوون بە شێوەی دیجیتاڵی مووچەیان وەرگرتووە و مانگەکانی داهاتوو ڕێژەکە بۆ دووهێندە بەرز دەکرێتەوە. 
هاوکات تا ئێستا 94 ئامێری ڕاکێشانی پارە لە 32 شوێنی جیاوازی پارێزگەی هەولێر دانراون و لە ئاییندەیەکی نزیکدا 140 ئامێری ڕاکێشانی پارە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دادەنرێن.
بەپێی دوایین ئامارەکانیش تا ئێستا لیستی نزیکەی 4500 فەرمانبەر ئاراستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ( TBI ) کراوە و بە چەند قۆناغێک کارتی بانکی گەڕاوەتەوە بۆ فەرمانبەران.    

پرۆژەی هەژماری من پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژیی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لەلایەن نوسینگەی سەرۆکوەزیران بە هەماهەنگیی وەزارەتی دارایی و ئابووری جێبەجێ دەکرێت، کە ئامانج لێی دابینکردنی چەندین خزمەتگوزاریی دارایی و بانکی و دەستەبەرکردنی سیستەمی شەفافییەت و کاراسانییە بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران، تا بتوانن بەشێوەیەکی سەردەمییانە مووچەکانیان وەربگرن و لە داهاتووشدا کارمەندانی کەرتی تایبەتیش سوودمەند بن لە پرۆژەکە.   

شایەنی باسە پرۆژەی هەژماری من؛ بریتییە لە بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران (توطين رواتب)، جگە لە دەستڕاگەیشتنی مووچە بە ئاسانترین شێوە، فەرمانبەر دەتوانێت هەرکات و لە هەر کوێ بێت مووچەکەی ڕابکێشێت و سوودمەند بێت لە خزمەتگوزاری کڕین و فرۆشتن لە ڕێی سیستەمی ئۆنلاین و دەتوانێت بەئاسانترین شێوە پارە بنێرێت و پارەش بخرێتە سەر هەژمارەکەی، ئەوە جگە لە سوودمەندبوون لە چەندین قەرز و پێشینەی بانکەکان، وە هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت دەسەڵاتی بەسەر هەژمارەکەتەوە هەبێت و هەرکات بتەوێت دەتوانیت تەواوی مووچەکەت ڕابکێشیت.