لیژنەکانی چاودێری ڕێکارەکانیان توندتر کردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

چاوەڕوان دەکرێت سبەی دوو شەممە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بێت، لەگەڵ ھاتنی ئەو مانگە ھاووڵاتییان بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە بازاڕ دەکەن، ئەمەش زۆرجار بوار دەداتە بازرگانەکان دۆخەکە بقۆزنەوە و نرخی کەلوپەل گران بکەن، بەگوتەی بەرپرسانی لیژنەکانی چاودێری لە شار و شارۆچکەکان، ھەندێک کەس و بازرگان دەیانەوێت دۆخەکە ئیستغلال بکەن و نرخی خۆراک بەرزبکەنەوە، بۆ ئەوەش چاودێریکردنی بازاڕ و ئیجرائاتەکان توندتر دەکەین و چاوپۆشی لە کەس ناکەین. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، دەڵێت: ڕێگە نادەین ھیچ کەسێک لە ڕەمەزاندا نرخ گران بکات.

لە ھەرێمی کوردستان ساڵانە لە کاتی بۆنە و جەژنەکاندا بازاڕەکان قەرەباڵخ دەبن، خەڵک چەند ڕۆژێک پێش ھاتنی ڕەمەزان، یان نەورۆز و جەژنەکان، بازاڕکردنیان بیردەکەوێتەوە ئەمەش بوار دەداتە ھەندێک بازرگان دۆخەکە خراپ بقۆزنەوە. بەگوتەی بەرپرسانی حکوومەت، لەسەر ڕێنمایی سەرۆکی حکوومەت ھەموو ئاسانکارییەک بۆ بازرگانەکان کراوە، لەپێناو دابینکردنی خۆراک، ھەروەھا ئیجرائاتی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەکرێت.
لەگەڵ ھاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، لیژنەکانی قایمقامیەتی شار و شارۆچکەکان چاودێری بازاڕ دەکەن، بۆ مانگی ڕەمەزان ژمارەی تیمەکانیان زیاتر دەکەن، تا باشتر بتوانن ڕێ لە زیادبوونی نرخ بگرن. لە ھەولێریش ئامادەکارییەکان بۆ چاودێریکردنی بازاڕ لە ڕەمەزاندا دەستیپێکردووە، لەو چوارچێوەیەدا بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، کۆبوونەوەیەک کرا، بە گوێرەی ڕاگەیێندراوێکی پارێزگای ھەولێر، پارێزگار جەختی لە توندکردنی چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی ھاووڵاتییان لە مۆڵ، مارکێت، ڕێستۆرانت، چێشتخانە، قاوەخانە و ھەموو شوێنەکانی دیکەی ھاوشێوە کردووە، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەکانی قایمقامیەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد لێپرسینەوە لەگەڵ ھەموو ئەو کەس و لایەنانە بکرێت کە نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لەسەر ھاووڵاتییان زیاد دەکەن.
بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، ئومێد خۆشناو، ئاماژەی بەوەشکردووە، نابێت ڕێگە بدرێت ھیچ کەسێک مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بقۆزێتەوە و یاری بە بازاڕ بکات و نرخی خۆراک و کەلوپەل لەسەر ھاووڵاتییان گران بکات. ئامادەکارییەکان لەکاتێکدان، ساڵانی ڕابردووش لە مانگی ڕەمەزاندا چەندین شوێن بە تۆمەتی گرانکردنی نرخ و فرۆشتنی خۆراک و کەرەستەی بەسەرچوو، لێپێچینەوەی یاساییان بەرامبەر کراوە.
نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی، ئاشکرای کرد: لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز ئامادەکاری دەکەین بۆ چاودێری کردنی ڕەوشی بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان و ڕێگە بەھیچ کەس و بازرگانێکیش نادرێت مانگی ڕەمەزان وەک دەرفەت بەکاربێنێ بۆ بەرزکردنەوەی نرخ و ساخکردنەوەی کەلوپەل و خۆراکی ماوە بەسەرچوو، چونکە زیانی بۆ تەندروستی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ھەیە، تیمەکانمان ئامادە دەکەین بۆ مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بچنە ناو بازاڕ.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی، گوتیشی: ئەگەر پێشتر تەنیا لیژنە و تیمەکانی چاودێری بازرگانی تەنیا لە ڕۆژدا ئەرکیان جێبەجێ کردبێت ئەوە لە مانگی ڕەمەزاندا بە شەو و ڕۆژ تیمەکانی چاودێری بازرگانی لەنێو بازاڕ و کۆگا و مارکێتەکان دەبن بۆ چاودێری ڕەوشی بازاڕ.
نەوزاد کامیل، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ھەر کەسێک پەنا بباتە بەر گرانفرۆشی و بەرزکردنەوەی نرخ لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و ساڵانە لە مانگی ڕەمەزاندا سزای چەندین بازرگان و ھاووڵاتی دراوە بە تۆمەتی بەرزکردنەوەی نرخ و ساخکردنەوەی کالای ماوەبەسەرچوو بۆ ئەمساڵیش ھەمان پلانمان ھەیە و توندتریش دەبین بەرامبەر ئەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن.
مامۆستا ئەحمەد ڕەشید، وتارخوێن و پێشنوێژ، گوتی: مانگی ڕەمەزان مانگی خێر و خێراتە، مانگی ڕەحمەت و بەرەکەتە، پێویستە ھەر ھاووڵاتییەک لە بازاڕ و سەروەت و سامانی خۆی، دڵی خەڵک خۆش بکات و بە ھەرزانی بفرۆشێت.
ئەو وتارخوێنە، دەشڵێ: ھەر کەسێک شتێک ڕابگرێت، بۆ ئەوەی بە گرانی بفرۆشێتەوە، بەتایبەتی لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا ئەوە حەرامە و ئایینیی ئیسلام نەھی لەو کەسانە کردووە، وەکو ڕیبایە، چونکە بۆ بەرژەوەندی خۆی لەسەر خەڵک گران دەکات و ئەوە دەبێتە عەزاب بۆ ئەوانە لە ڕۆژی دوایی.