ئۆتۆمبێلی چینی بازاڕەکانی جیهانی تەنیوە

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

وڵاتی چین لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلدا، بووەتە پێشەنگی جیهان و ئەمریکا و ئەوروپای بەیەکەوە تێپەڕاندووە. بەهۆی دیزاینە ناوەزەکەیان و تایبەتمەندییە بەرزەکانیان و هەرزانی نرخەکەیان لە چاو ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە هەمان تایبەتمەندییان هەیە، ئۆتۆمبێلە چینییەکان لەبازارەکانی جیهاندا خواستێکی زۆریان لەسەرە و لەبەر زۆری داواکاری و فرۆشیشیان، ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەیەکی زۆرتریان لێ بەرهەم دەهێنرێت بە جۆرێک کە بازاڕەکانی ئاسیا و جیهان جممەیان دێت لەم ئۆتۆمبێلانە.

جگە لە بازاڕەکانی ئاسیا و ئەوروپا بازاڕەکانی ئێراق و کوردستانیش پڕن لە ئۆتۆمبێلی چینی کە بە سەرنجڕاکێشی دیزاینە نوێیەکانیان و زیاد کردنی چەندین ڕەنگی جیاواز و تایبەتمەندی زیرەک لە ئۆتۆمبێلەکاندا شۆفێرانی سەرسام کردووە. هەر بۆیە لە کوردستانیش لۆگۆی کۆمپانیاکانی چیری و جێلی و چانگهان و هەڤاڵ و چەندانی دیکە خواستێکی زۆریان لەسەرە و بە هەزاران کڕیاریان لە خۆیان کۆکردووەتەوە.
ئێستاکە چین بە چڕوپڕی سەرقاڵی کێبڕکێی کۆمپانیا و براندە جیهانییەکانی وەک تۆیۆتا و نیسان و هۆندا و ئۆدییە و تایبەنمەندی وا لە ئۆتۆمبێلەکانیدا جێگیردەکات کە لەو ئۆتۆمبێلانەدا نییە و بەردەوامیش هەوڵدەدات زیاتر بەرەوپێشتری ببات و خواستی بەکاربەر و شۆفێران بۆلای خۆی ڕابکێشێت. بۆ نمونە ڕێژەی زیرەکی لە ئۆتۆمبێلە چینییە نوێیەکاندا زیاترە لە ٤٥٪ لەکاتێکدا لە ئۆتۆمبێلە یابانی و کۆرییەکاندا ئەو ڕێژەیە تەنها ١٨٪ە. هاوکات ئۆتۆمبێلە چینییە نوێیەکان جگە لەوەی کە زیرەکن، پشتیان بە شاشەی زۆر بەستووە بە شێوەیەک لە هەندێکیاندا داشبۆردەکە بەتەواوی شاشەیە و لەمسە و شێوە تەقلیدییە کۆنەکە نەماوە. جگە لەوەش ئۆتۆمبێلەکان بۆ سیستمی کارپێکردنیان جگە لە بەنزین، پشت بە گاز و کارەباش دەبەستن. لەلایەکی دیکەوە زیرەکی ئەو کۆمپانیایانە لەوەدایە کە شێوە و دیزانی دەرەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان نزیک کردووەتەوە لە شێوەی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکانی وەک مارسیدس و بی ئێم و ئۆتۆمبێلە ئەڵمانییەکان بە گشتی کە ئەمش سەرنجی کڕیار بەلای خۆیدا ڕادەکێشیت و دەتوانێت بە پارەیەکی کەمتر ئەو دیزاینە بە دەست بهێنێت کە خەونی پێوە دەبینێت.
کونسوڵخانەی چین لە هەولێر ڕایگەیاند، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٣دا چین بە بەهای زیاتر لە ١٧ملیار دۆلار مۆدێلی جۆراوجۆری ئۆتۆمبێلیان بۆ وڵاتانی جیهان هەناردە کردووە و بەم هۆیەشەوە ساڵی ڕابردوو، وڵاتی چین بە گەورەترین هەناردەکاری ئۆتۆمبێل هەژمارکرا
لە سەرتاسەری جیهاندا. ئەمە لەکاتێکدایە کە هەناردەی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ هەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و لە کوردستان خواستێکی زۆر لە لەسەر ئۆتۆمبێلی چینیەکان هەیە.
ئێستاکەش لە بەندەرەکانی وڵاتی چین سەدان هەزار ئۆتۆمبێل وەستێنراون و ئامادەن بۆ ڕەوانەکردنیان بۆ بازارەکانی جیهان. هۆکاری پێشکەوتنی بازرگانی ئۆتۆمبێلیش لەو وڵاتەدا، پاڵپشتی حکوومەتی چینە بۆ کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل تا بتوانن دەست بەسەر بازاری ئۆتۆمبێلی جیهاندا بگرن بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی پیشەسازی ئەو وڵاتە لەپشت هەنگاو بەهەنگاوی سەرکەوتنی ئەو کۆمپانیایانەوەیە.
هاوکات، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە ساڵی ڕابردوودا، کۆی گشتی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە چین گه‌یشتە‌ زیاتر لە ٣٠ملیۆن ئۆتۆمبێل، کە به‌راورد به‌ ساڵی پێشووتر بە رێژەی ١٢٪ زیادیکردووە، به‌مه‌ش گه‌یشتۆته‌ بەرزترین ئاستی پێوانەیی خۆیی.

ھەواڵی زیاتر