لیرەی توركی لەبەردەم داڕوخانێكی مێژووییدایە

كارزان گلی – هه‌ولێر

لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی، لە چاوەڕوانیی داڕووخانێكی مێژووییدایە، ئەو داڕوخانەش، راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر ژیانی هاووڵاتی دەبێت.

بەگوێرەی زانیارییەكان، بۆ 2023، لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار وەكوو ئێستای دەمێنێتەوە، كە یەك دۆلار بەرامبەر بە 29 لیرەی توركییە، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی یەكی 2024، ئیدی لیرەی توركی بەهاكەی زیاتر لە دەست دەدات.
ئابووریناسانی توركیا پێشبینی دەكەن، لە ناوەڕاستی مانگی یەكی 2024، یەك دۆلاری ئەمریكی 30 لیرە تێپەڕێنێت، هەروەها لە چارەگی یەكەمی ساڵی تازەش، یەك دۆلار 40 لیرەی توركی تێپەڕێنێت و ئیدی لیرەی توركی بەتەواوی داڕمێت.
دابەزینی بەهای لیرەی توركی، كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتی دەبێت، بۆیە پێشبین دەكرێت هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا زیاتر بەرز ببێتەوە.
ئەگەرچی وەزارەتی دارایی و ئابووریی توركیا، پلانی داناوە كە هەڵاوسانی ئابووری كەم بكاتەوە و تا 2026 هەڵاوسانی بگاتە 15%، بەڵام ئەگەر بێت و لیرەی توركی بەردەوام بێت لە دابەزین و لە 2024 یەك دۆلار بگاتە 40 لیرەی توركی، ئەوكات پلانەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری توركیا تێكدەچێت.
نرخی سووتەمەنی لە توركیا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بۆ نموونە یەك لیتر گاز بووەتە 37 لیرە، هەروەها گازی سروشتیی ماڵانیش بەرێژەی 50% بەرز بووەتەوە.
حكوومەتی توركیا دەیەوێت، كەمترین مووچەی لە توركیا بگەیەنێتە 15 هەزار لیرەی توركی، بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە داوا دەكات كەمترین مووچە بگاتە 23هەزار لیرە، پێناچێت حكوومەت لە توانایدا بێت مووچەی بەو شێوەیە بەرز بكاتەوە.
بارودۆخی هاووڵاتی لە توركیا و باكووری كوردستان، لەوپەڕی خراپییە، بەجۆرێك كە بەشێكی زۆری خێزانەكان منداڵی خۆیان لە قوتابخانە هێناوەتە دەرەوە و كاریان پێدەكەن و بەشێكیش دەڵێن ناتوانین پێداویستیی قوتابخانەیان بۆ دابین بكەین، بۆیە لە قوتابخانە دەرمان هێناون، ئەمە جگە لەوەی بەشێكی زۆری قوتابییەكان بەبرسییەتی دەچنە قوتابخانە.
لە تەواوی جیهاندا نرخی خۆراك هاتووەتە خوارەوە، ئەمەش بەگوێرەی رێكخراوی فاوی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، تەنیا لە وڵاتی توركیا نرخی خۆراك بەرز بووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی هاووڵاتی دەنگی به رز بێته وه و داوا بكەن بەپەلە چارەسەری نرخی بكرێت.
(محەممەد شیمشەك)، وەزیری دارایی و ئابووریی توركیا، بەڵێن بە گەلی توركیا دەدات ئەوەی هەیە كاتییە و پلانی ئەوان زۆر تۆكمەیە، بەجۆرێك هەڵاوسان زۆر دەهێننە خوارەوە و هەروەها نرخی خۆراكیش كۆنتڕۆڵ دەكەن، بەڵام رۆژ بە رۆژ نرخ گرانتر دەبێت و رۆژ بەرۆژیش بارودۆخی هاووڵاتی بەرەو خراپی دەچێت.