نرخی نەوتی برێنت بۆ سەرووی 76 دۆلار بەرزبووەوە

ئەمڕۆ سێشەممە بازرگانانی نەوت بە وریاییەوە مامەڵەکانیان ئەنجامداو بەوپێیەی کە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسانی مانگی 11 لە ئەمریکا بڵاو دەبێتەوە و سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکاش سبەی چوارشەممە لەسەر سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا گوتارێک پێشکەش دەکات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوتی برێنت 26 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 76 دۆلار و 29 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەر بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان رێژە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و بە 71 دۆلار و 58 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

ییپ جون رۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای روێژکاری (IG) لەبارەی نرخی نەوتەوە دەڵێت، “هەموو چاوەکان لەسەر ئامارەکانی ئەمڕۆی هەڵاوسانە لە ئەمریکا، بەوپێیەی بازرگانان دەیانەوێت ئاماژەیەک بەدەستبهێنن کە سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات”.

ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، ئامارەکانی هەڵاوسان لەبەر ئەوە گرنگن کە ئەگەر هاتوو هەڵاوسان دابەزێت، ئەگەری هەیە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە سستبوونەوەی ئابووری ئەمریکا ساڵی داهاتوو بەرەو کەمکردنەوەی سوودی بانکی بڕوات.

بازرگانانی نەوت ئێستا نیگەرانی سستبوونەوەی ئابووری چینن، بەوپێیەی کە ئەو وڵاتە گەورەترین هاوردکاری نەوتە.

بەڵام هێرشی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە نەوتییەکان، مەترسی جیۆسیاسی لە بازاڕدا دروستکردووە و بەوپێیەش بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

ھەواڵی زیاتر