بەرمیلێک نەوتی برێنت نزیکەی 76 دۆلارە

نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا بەرزبووەوە؛ نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش بۆ خوار 2000 دۆلار دابەزی.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە دوو کۆبوونەوەی رابردووی بازاڕدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بەرپرسانی وەزارەتی وزەی ئەمریکا دەستیان کردووە بە پڕکردنەوەی یەدەکی ستراتیژیی ئەو وڵاتە و بەو پێیەش خواستیان بۆ نەوت بەرزکردووەتەوە.

نرخی نەوتی برێنت بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 11-12-2023 دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 11 سەنت بەرزبووەوە و بە 75 دۆلار و 96 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 7 سەنت بەرزبووەوە و بە 71 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوە کرا.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەمڕۆ سنووردار بووە، بەو پێیەی نیگەرانی لە بازاڕدا هەیە کە ساڵی داهاتوو بەهۆی سستبوونەوەی ئابووریی چین، خواستی ئەو وڵاتە بۆ بەکارهێنانی نەوت کەم ببێتەوە.

نرخی نەوت رۆژی هەینی بە رێژەی 2% بەرزبووەوە، بەڵام لە ئاستی هەفتانەدا بۆ ماوەی 7 هەفتەیە دابەزینی تۆمار کردووە.

بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی نرخی نەوت دوای ئەوە هات کە وەزارەتی وزەی ئەمریکا بە بڕی 3 ملیۆن بەرمیل نەوتی کڕیوە بۆ پڕکردنەوەی یەدەکی ستراتیژیی ئەو وڵاتە.

تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (IG) لەوبارەیەوە رایگەیاند، “دەزانین ئیدارەی بایدن سەرقاڵی کڕینی نەوتە بۆ پڕکردنەوەی یەدەکی ستراتیژیی نەوت، ئەمەش پاڵپشتیی بۆ نرخی نەوت دروستکردووە.”

ھەواڵی زیاتر