پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 21, 2024

نرخی زێڕ ریکۆردێکی دیکەی مێژوویی لە بەرزبوونەوە تۆمارکرد

بەیانیی ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان نرخی زێڕ ریکۆردێکی دیکەی مێژوویی لە بەرزبوونەوە تۆمارکرد و هەر ئۆنسەیەکی گەیشتە سەروو دوو هەزار و 143 دۆلار. 

بەرزبوونەوەکە بەجۆرێکە، سەرەتا بازاڕ بە دوو هەزار و 94 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک کرایەوە، پاشان بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە دوو هەزار و 143 دۆلار، دوای گەیشتن بەو نرخەش، جارێکی دیکە دابەزییەوە بۆ دوو هەزار و 84 دۆلار. 

ئەمەی ئەمڕۆ دووشەممە، 4-12-2023 نرخی زێڕ تۆماریکردووە، لە مێژووی تۆمارکراوی ئەو کانزایەدا هاوشێوەی نەبووە. 

نرخی زێڕیش بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو کە لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو دەفرۆشرێت، دوو هەزار و 152 دۆلاری تێپەڕاند. 

بەپێی بەشێک لە شرۆڤەکارانی بوارەکە، بەهۆی مەترسییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس و هەروەها دابەزینی بەهای دۆلار، خواستێکی زۆر لەسەر زێڕ هەیە، زۆربەی شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن ساڵی داهاتوو نرخی زێڕ لە سەرووی ئاستی 2000 دۆلار بمێنێتەوە.

لەگەڵ ئەوەی کە بۆ ماوەی دوو مانگ دەڕوات نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە، پێشبینییەکان لەسەر ئەوەی کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەوە بەدواوە بەرەو ئاراستەی کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەڕوات، پاڵپشتی زیاتری بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.

هێنگ کوون هۆ، سەرۆکی بەشی ستراتیژیی بازاڕ سەر بە بانکی ( یو ئۆ بی) سێنگاپوور لەو بارەیەوە رایگەیاند، “هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری نرخی زێڕ بۆ پێشبینییەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی و دابەزینی بەهای دۆلار لە ساڵی داهاتوو دەگەڕێتەوە.”

ئەو شرۆڤەکارە پێشبینیکردووە نرخی زێڕ تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 بگاتە 2200 دۆلار.

هاوکات نیکی شێلس، سەرۆکی بەشی ستراتیژیی کانزاکان لە کۆمپانیای راوێژکاریی ( ئێم کەی ئێس) و شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان پێشبینی دەکات کە نرخی زێڕ بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر بڕوات: “ئەمجارە بە پێچەوانەی ساڵی 2011 گوشارێکی کەم لەسەر نرخی زێڕ هەیە، لەبەر ئەوەش پێشبینیی نرخی زێڕ بۆ سەرووی 2100 دۆلار و 2200 دۆلار دەکرێت.”

رۆژی هەینی نرخی زێڕ توانی ئاستی 2075 دۆلار تێپەڕێنێت و بەوپێیەش ژمارەی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد.

بارت مەلەک، سەرۆکی بەشی کانزاکان لە کۆمپانیای راوێژکاریی ( تی دی سێکیوریتی) ئاماژە بەوە دەکات، خواستی بانکە ناوەندییەکان بۆ کڕینی زێڕ دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی تاوەکو چارەکی دووەمی ساڵی داهاتوو نرخی زێڕ هەر لە نزیکەی 2100 دۆلار مامەڵەی پێوەبکرێت.