پێشبینی دەكرێت لیرەی توركی لە 2024 بەتەواوی دابڕوخێت

بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی، لە 2023 زۆر دابەزی، ئەم دابەزینە گاریگەریی زۆری لەسەر ژیانی خەڵك لە توركیا و باكووری كوردستان دروست كرد، هەروەها وەبەرهێنەرەكانیش دووچاری زیانی زۆر بوونەوە. پێشبینی دەكرێت لە 2024دا، لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار زیاتر دابەزێت.

هەرچەندە بانكی ناوەندی توركیا، رێكاری زۆری گرتە بەر تا بتوانێت بەهای لیرەی توركی بەرز بكاتەوە، بەڵام تاوەكوو ئێستا سەركەوتوو نەبووە، بەپێچەوانەوە لیرەی توركی زیاتر دابەزی و ئێستا یەك دۆلاری ئەمریكی نزیك بووەتەوە لە29 لیرە، ئەمەش راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵك دروست كردووە.
بانكی (Giti)ی پیشبینی دەكات، هەڵاوسانی ئابووری و هەروەها بەهای دۆلار بەرامبەر بە لیرەی توركی، لە 2024 زۆر بەرز ببێتەوە.
پێشبینی ئەو بانكە مەترسیدارە بۆ ئابووری توركیا، چونكە پێیوایە یەك دۆلار دەگاتە 40 لیرە، واتە 100 دۆلار دەبێتە 4000 لیرەی توركی، بەمەش نرخی هەموو كەلوپەل و خۆراكێك لە توركیا بەرز دەبێتەوە.
هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا 70%ە، بەگوێرەی ئەو پلانەی وەزارەتی دارایی و ئابووری توركیا دایڕشتووە، دەیانەوێت هەڵاوسانی لە 2024 بۆ 50% كەم بكەنەوە و تا 2026 هەڵاوسان بۆ 30% كەم بكەنەوە، بەڵام بە گوێرەی پێشبینی بانكی ناوبراو بێت، هەڵاوسان لە 2024 زیاتر بەرز دەبێتەوە و پلانەكەی وەزارەتی دارایی سەر ناگرێت.
بانكی (Giti)، كە سەنتەرەكەی لە ئەمریكایە، پشبینی دەكات لە شەش مانگی یەكەمی 2024 دا، یەك دۆلار بگاتە 35 لیرەی توركی، هەروەها لە كۆتایی مانگی 12ی 2024 دا، یەك دۆلار بگاتە 40 لیرە و هەڵاوسانی ئابووریش هەر بەردەوام دەبێت.
توركیا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان نزیك دەبێتەوە كە تەنیا پێنج مانگی ماوە، رەنگە تا ئەوكاتە هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا كەمێك دابەزێت، بەڵام ئەم دابەزینە كاتییە و بەردەوام نییە، چونكە شارەزایانی بواری ئابووری پێیانوایە، توركیا نەیتوانیوە وەبەرهێنەری بیانی رازی بكات تا روو لە توركیا بكەن و پارەكانیان لە توركیا خەرج بكەن، ئەمەش كاریگەریی تەواوی لەسەر هەڵاوسان و بەهای لیرەی توركی كردووە.
هەرچەندە توركیا بە وڵاتێكی كشتوكاڵ ناوی دەركردووە و بژێری ژیانیان لەسەر كشتوكاڵ و گەشتوگوزارە، بەڵام ساڵ بە ساڵ كەرتی كشتوكاڵ لەو وڵاتە لە كزی دەدات و وای لێهاتووە، توركیا ناتوانێت پێداویستیی ناوەخۆیی كشتوكاڵ دابین بكات و لە وڵاتانی ئەورووپی هاوردەی دەكات، بەتایبەت پیاز و پەتاتە و گەنم و جۆ. هۆكارەشی ئەوەیە، بەرنامەی حكوومەت بۆ پاڵپشتی كەرتی كشتوكاڵ خراپە و ساڵانە سەدان جوتیار دەستبەرداری جوتیاری دەبن و كاری تر دەدۆزنەوە، ئەمەش وای كردووە هەڵاوسانی ئابووری بەرز ببێتەوە.