نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ دوو هەزار دۆلاری تێپەڕاند

دابەزینی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا دواجار بوونە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ. رۆژی هەینی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 1990 دۆلارەوە بۆ 2002 دۆلار بەرزبووەوە.

گەشبینییەک هەیە لەنێو بازاڕە داراییەکان بەوەی کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا کۆتایی بە بازنەی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی هێناوە و ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار بۆ کەمترین ئاستی لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا.

پێنوێنی دۆلار کە بەهای دۆلار بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکی لە جیهاندا هەڵدەسەنگێنێت، رۆژی هەینی بەرێژەی 0.3% دابەزی و بەوپێیەش بووە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی کاڵاو کانزاکان.

کۆمیرزبانکی ئەڵمانی لە بارەی بازاڕی زێڕەوە رایگەیاند، “داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا بە گشتی دڵخۆشکەر نین، ئەمە ئەگەری هەیە کاریگەری لەسەر بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا درووستبکات و نزیکەی ساڵی داهاتوو، بانکەکە دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بکات، کە دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ”.

بارت مەلەک، شرۆڤەکاری کۆمپانیای راوێژکاریی (تی دی سیکیۆریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند، “پێمانوایە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەر لەوەی رێژەی هەڵاوسان دابەزێت بۆ 2% کە ئامانجی بانکی ناوەندییە، دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەکات”.