ئەپیکور مەرجەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگەیاند

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە راگەیەندراوێکدا گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بە گرنگ و ئەرێنی دادەنێت بە ئاراستەی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

رۆژی هەینی (17ـی تشرینی دووەمی 2023) ئەپیکور راگەیەندراوێکی لەبارەی گفتوگۆکانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، “ئەندامانی ئەپیکۆر مەرجەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی تەواوەتی هەناردەی نەوت خستوونەتەڕوو و پابەندە بە چارسەری کێشە هەڵواسراوەکان”.

لە خاڵێکی راگەیەندراوەکەدا، ئەپیکور جەختی کردووەتەوە، “گرێبەستە هاوبەشەکانی بەرهەمهێنان وەک خۆیان کارپێکراو دەمێننەوە و لەلایەن دادگای ئینگلیزەوە بەڕێوەدەبرێن، هەر ناکۆکییەکیش هەبێت لەرێگەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن چارسەر دەکێت”.

هاوکات ئەپیکور روونیکردووەتەوە، گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسانی هەردوولا بە هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنی بە ئاراستەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیاوە دەزانێت.

هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، نوێنەرانی کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور، بانگهێشت نەکراون و هیچ پەیوەندییەکی فەرمیشیان پێنەگەیشتووە لەبارەی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسانی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی.

لەبارەی مەرجەکانیانەوە بۆ دەستپێکردنەوەی تەواوەتی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەپیکۆر سێ مەرجی راگەیاندووە:

یەکەم: پێویستە دڵنیایی هەبێت لەبارەی پارەی هەناردەی رابردوو و بۆ داهاتووش.

دووەم: پێویستە پارەی فرۆشتنی نەوتی کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور راستەوخۆ بە کۆمپانیاکان بدرێت.

سێیەم: پێویستە رێککەوتن و شێوازی ئێستای بازرگانی و ئابووری کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور وەک خۆی بمێنێتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەپیکور پابەندی خۆی بۆ چارسەرکردنی خێرای کێشەکان بۆ دەستپێکردنەوەی تەواوەتی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت لە رێگەی نەوتی عێراق – تورکیاوە دووپاتکردەووەتەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەمەش لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکان و خەڵکی عێراقە”.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، ئەپیکور ئاشکرای کردووە، بەهۆی بڕیاری راگەتنی هەناردەی نەوت لە ئاداری ئەمساڵەوە، قەبارەی زیانەکان بۆ زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار بەرزبوونەتەوە و راگەیاندووە، “حکومەتی فیداڵی عێراق بەهۆی جێبەجێنەکردنی پابەندییەکانی بە رێککەوتنی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا، رۆژانە یەک ملیۆن دۆلار سزا دەدرێت”.

رۆژی 25ـی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بە هۆی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا. دوای چەندین كۆبوونەوە و دانوستان لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ لەسەر ئاستی باڵا، هەوڵ دراوە هەناردەکردنەوەی نەوت دەست پێبكاتەوە. دوای جێبەجێكردنی هەموو پابەندییە یاساییەكان لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، تاكو ئێستا دانوستان و هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ناردنی نەوت بەردەوامن.

رۆژی یەکشەممە (12ـی تشرینی دووەمی 2023) شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری گەیشتنە هەولێر و لەلایەن کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) و بەرپرسانی حکومەتەوە پێشوازی لێ کرا.

ئەو شاندەی یاوەری حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵییان دەکرد، پێکهتابوون لە بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەڕەێوەبەری گشتیى کۆمپانیای سۆمۆ و جێگرەکەی.

دوای گەیشتنی بۆ شاری هەولێر، حەیان عەبدولغەنی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، ئامانج لە سەردانی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەولێر، بەمەبەستی لێکنزیکردنەوەی دید و بۆچوونی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە سەبارەت بە دووبارە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەشیدا، شاندی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی وەزیری نەوتی فیدراڵ لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، “لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و تیمەکەی، جەختمان لە دابینکردنی پێداویستی دارایی و تەکنیکیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە زووترین کاتدا کردەوە لەسەر بنەمای دەستوور و گرێبەستەکان کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمدایە.”

دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە (25ـی ئاداری 2023)، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا و رۆژی یەکشەممە (12ـی تشرینی دووەمی 2023) مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) بە سەرچاوەیەکی راگەیاند، بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا حەوت ملیار دۆلار زیان بە عێراق گەیشتووە.