نرخی نەوتی برێنت بۆ کەمتر لە 80 دۆلار دابەزی

نرخی نەوت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەردەوام بوو لە دابەزینەکانی رۆژی رابردووی خۆی.

نرخی نەوتی برێنت ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 9-11-2023) نزیکەی 12 سەنت دابەزی و یەک بەرمیلی بە 79 دۆلار و 68 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش نزیکەی 20 سەنت دابەزی و یەک بەرمیل بە 75 دۆلار و 49 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

ئەم ئاستانەی نرخی نەوت، کەمترین ئاستی نرخی نەوتن لە ناوەڕاستی مانگی حەوتەوە تاوەکو ئێستا.

رۆژی چوارشەممە لەبەر نیگەرانییەکانی پەیوەست بە سستبوونەوەی ئابووریی چین و کەمبوونەوەی هەناردەکاریی ئەو وڵاتە، نرخەکانی نەوت بەڕێژەی 2٪ دابەزین.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ داتاکانی پەیوەست بە نرخەکانی بەکاربەر لە چین بڵاوبوونەوە، تێیاندا دەرکەوت؛ نرخەکان لە مانگی 10 بەراورد بە مانگی پێشتر بەڕێژەی 0.2٪ دابەزیون. ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانبوونی زیاتری بازرگانانی نەوت لەسەر کەمیی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن گەورەترین هاوردەکاری نەوتی جیهانەوە.

سەبارەت بە ئەمریکا، بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەو وڵاتە، هەفتەی رابردوو قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە بەبڕی نزیکەی 12 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە، ئەوەش گوشاری زیادەی لەسەر نرخەکان دروستکردووە.

دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت لە چەند رۆژی رابردوودا، بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکی بارکلیزی بەریتانی، پێشبینییەکانی خۆی بۆ نرخی نەوت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بە بڕی 4 دۆلار داببەزێنێت بۆ 93 دۆلار.

ھەواڵی زیاتر