نرخی نەوت دابەزی

نرخی نەوت رۆژی سێشەممە 07-11-2023 زۆربەی قازانجەکانی رۆژی رابردووی لەدەستدا و بازرگانان چاوەڕێی بڵابوونەوەی ئامارە ئابوورییەکانی چین دەکەن کە بڕیارە ئەمڕۆ بڵاوببێتەوە بۆ ئەوەی بزانن خواستی گەورەترین هاوردەکاری نەوت چۆن گۆڕدراوە. هەروەها نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 1972 دۆلار دابەزی. 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 23 سەنت دابەزی و بە 84 دۆلار و 95 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. 

نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان شێوە 23 سەنت دابەزی و بە 80 دۆلار و 59 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساس رۆژی دووشەممە بەرزبوونەوە، لەبەر ئەوەی سعودیە و رووسیا رایانگەیاند، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ پابەند دەبن بە کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی نەوت لە بازاڕەکاندا.

توشیتاکا تازاوا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (فۆجیتۆمی سیکیۆریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند، “نرخی نەوت لەبەر هەڵوێستی سعودیە و رووسیا دوێنێ بەرزبووەوە، بەڵام ئەمڕۆ بازرگانان سەرنجیان خستووەتە سەر خواست بۆ کڕینی.” 

نووسینگەی ئاماری چین، بڕیارە ئەمڕۆ ئامارەکانی پەیوەست بە هەناردە و هاوردەی خۆی لە مانگی 10 بڵاوبکاتەوە کە دەریدەخات، ئەو وڵاتە تاوەکو چەند خواستی بۆ هاوردەکردنی نەوت بەهێز بووە.

سەرەڕای ئەوە، توشیتاکا تازاوا دەڵێت، ئاراستەی دابەزینی نرخی نەوت دەتوانێت بەخێرایی بگۆڕێت، ئەگەر شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تووندتر ببێتەوە.