دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

نرخی نەوت بەرزبووەوە و زێڕ دابەزی

نرخی نەوت لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەڕێژەیەکی کەم بەرزبووەوە، بەڵام بازرگانان بە وریاییەوە مامەڵەکانی خۆیان دەکەن لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدات. هەروەها نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1975 دۆلار دابەزی. 

بازرگانان نیگەرانن لە ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی کە دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا و کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت. 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 28 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 85 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

رۆژی سێشەممە نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 1٪ دابەزیبوو.

نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش ئەمڕۆ 16 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیل بە 81 دۆلار و 2 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساس رۆژی سێشەممە بە رێژەی 1.6٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی بوو. 

ئیدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، “نرخی نەوت لەبەر بڕیارەکەی ئەمڕۆی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رووی لە دابەزین کردووە و ئەگەری هەیە دابەزینەکە خۆڕاستکردنەوەیەکی تەکنیکی بێت.” 

ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، هێشتا نیگەرانی و مەترسییە جیۆسیاسییەکان لە بازاڕدا ماون، سەرەڕای ئەوەی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا گوشاری بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە.

پەیمانگای نەوتی ئەمریکا ئاشکرای کرد، هەفتەی رابردوو قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا بە بڕی 1.3 ملیۆن بەرمیل زیادی کردووە.

هەروەها بەپێی رووپێوێکی تایبەت دەرکەوتووە کە لە مانگی رابردوودا چالاکیی کارگەکان لە چین لەناکاو دابەزیوە، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ دروستبوونی گوشاری زیارتر لەسەر نرخەکان.

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1975 دۆلار دابەزی 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 10 دۆلار دابەزی و لە نزیکەی 1975 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەوپێیەش ئەمە بۆ سێ رۆژی بەردەوامە نرخی زێڕ رووی لە دابەزین کردووە. 

دابەزینی نرخی زێڕ لەکاتێکدایە ئەم هەفتەیە بانکە ناوەندییەکانی ئەمریکا، ژاپۆن و بەریتانیا بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدەن.

بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەمڕۆ [کاژێر 9:00 بەکاتی هەولێر] بڕیاری خۆی لەسەر سوودی بانکی دەدات.

لە هەلومەرجێکی ئاساییدا، بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا و دابەزینی بەهای کانزا و کاڵاکان. 

بەپێی ئەو رووپێوییانەی کە ئەنجامدران، ئەگەری کەمە بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەمجارە سوودی بانکی بەرزبکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر بەڵێنی داوە کە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ جارێکی دیکە سوودی بانکی بەرزدەکاتەوە.

هەرچەندە هەڵاوسان لە ئەمریکا لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا رووی لە دابەزین کردووە، بەڵام هێشتا دوورە لە ئامانجی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە 2٪ـە، لەبەر ئەوەش بانکی ناوەندیی ئەمریکا پێداگرە لە بەردەوامیدان بە سیاسەتی نەختیی بانکەکە بۆ ماوەیەکی درێژتر کە لە ساڵی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت. 

شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس هەفتەی رابردوو نرخی زێڕی تاوەکو 2009 دۆلار بەرزکردەوە و نیگەرانییەکانی پەیوەست بە شەڕەکە، بازاڕە داراییەکانی تووشی شۆکی گەورە کردووە و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی 10 ساڵی ئەمریکای بەرزکردووتەوە بۆ بەرزترین ئاستی لە دوای ساڵی 2007ـەوە.