نرخی نەوت دابەزی

نرخی نەوت ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا یەک دۆلار دابەزی؛ بەهۆی کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بازرگانانی نەوت بە وریاییەوە مامەڵەیان کردووە.

جگە لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، چەندین داتای ئابووریی ئەمریکا و چین ئەم هەفتەیە بڵاودەبنەوە، کە کاریگەری لەسەر بازاڕەکان دادەنێن، هەر بۆیە پەرەسەندنی زیاتری شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس نەیتوانی پاڵپشتی بۆ نرخی نەوت دروستبکات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە، 30-10-2023) نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 98 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 89 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا یەک دۆلار دابەزی و بەرمیلێکی بە 84 دۆلار و 54 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بازرگانانی نەوت چاویان لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە، کە تێیدا بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدرێت. ئەم هەفتەیە هەروەها داتاکانی پەیوەست بە هەلیکار و دامەزراندن لە ئەمریکا بڵاودەبنەوە.

جگە لەو داتا گرنگانە راپۆرتی قازانج و داهاتی کۆمپانیای ئەپڵ، گەورەترین کۆمپانیای جیهان بڵاودەبێتەوە کە کاریگەری بەرچاو لەسەر بازاڕەکان دادەنێت.

تینا تێنگ، شرۆڤەکاری کۆمپانیای راوێژکاریی CMC Markert لەو بارەیەوە دەڵێت راپۆرتی دارایی کۆمپانیای ئەپڵ خۆی بەتەنیا کاریگەری زۆر لەسەر بازاڕ دادەنێت، لەبەرئەوەی ئاشکرای دەکات تاوەکو چەند خواست بۆ بەکارهێنان لە ئابووری ئەمریکا و ناوچەکانی دیکەش بەهێزە.

هەفتەی رابردوو هەردوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساس بەهۆی تووندبوونی زیاتری شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس، بەڕێژەی 3٪ بەرزبووەوە.

ھەواڵی زیاتر