نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ ئاستی 2000 دۆلاری تێپەڕکرد

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ ئاستی 2000 دۆلاری تێپەڕکرد و هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەکەشی بۆ هێرشی زەوینیی ئیسرائیل بۆ نێو خاکی غەززە دەگەڕێتەوە.

وەبەرهێنەر و بازرگانانی زێڕ کاردانەوەیان پێشانداوە بەرامبەر هێرشی زەوینیی ئیسرائیل بۆسەر غەززە، هەر ئۆنسە زێڕ لە دوایین ساتی مامەڵەکانی ناو بازاڕدا، بە زیاتر لە 2000 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

جۆن کیلدۆڤ، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای راوێژکاری ( ئێگەین کاپیتاڵ) لە نیۆیۆرک لەو بارەیەوە رایگەیاند، “نیگەرانییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە جەنگی ئیسرائیل و غەززە پشێوییەکی زۆری لە بازاڕدا دروستکردووە و کەس نازانێت چی روودەدات.”

سونیل کۆمار دێگزیت، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( ئێس کەی چارتینگ) دەڵێت، “شکاندنی بەربەستی 1998 دۆلار و گەیشتن بە ئاستی 2009 دۆلار بەو مانایە دێت کە نرخی زێڕ دەتوانێت تاوەکو 2050 دۆلار و 2075 دۆلار بەرزبێتەوە.”

ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە گەورەترین و بەهێزترین ئاستی پاڵپشتیکار بۆ نرخی زێڕ، ئاستی 1990 و 1980 دۆلارە و ئەستەمە لە ماوەی کورتخایەندا نرخەکان لەو ئاستە زیاتر دابەزن، ئەگەر ئاراستەی نرخی زێڕ پێچەوانە بووەوە و رووی لە دابەزین کرد.

نیگەرانی لە پەرەسەندنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەززە بۆ وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هێندە پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە کە بتوانێت لە سەرووی 2000 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەبکرێت.