شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

نرخی نەوتی برێنت دابەزی

نرخی نەوت ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا قازانجەکانی رۆژی رابردووی خۆی لەدەستدا.

نرخی نەوتی برێنت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 19-10-2023) 74 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 90 دۆلار و 76 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 57 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 87 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

دابەزینی نرخی نەوت دوای ئەوە هات، کە ئەمریکا بڕیاریداوە هەندێ لە گەمارۆ نەوتییەکانی سەر ڤەنزوێلا کەمبکاتەوە، پاش ئەوەی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەی کۆبووەوە و بڕیاریاندا ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن لە وڵاتەکەدا بکرێت.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت، رەتکردنەوەی داواکارییەکی ئێرانە لە ئۆپێک، کە داوایکردبوو بەهۆی هێرشەکانی سەر کەرتی غەززە، نەوت بۆ ئیسرائیل نەنێردرێت.

کۆمپانیای راوێژکاریی (ئاڕ بی سی کاپیتاڵ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، “هەرچەندە ئۆپێک رەتیکردەوە گەمارۆی نەوتی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی بدات، بەڵام نەوت بووەتە ئەو کاڵایەی هەستیارە بە رووداوە جیۆسیاسییەکان.”

نرخی نەوت رۆژی چوارشەممە بەڕێژەی 2٪ بەرزبووبووەوە.

بانکی سیتی بانک لە یاداشتێکیدا نووسیویەتی، ئیسرائیل رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت هاوردە دەکات، بەزۆریش نەوتەکە لە وڵاتانی وەک کازاخستان و ئازەربایجانەوەیە.

سیتی بانک دەڵێت، ئەستەمە بڕیار بدرێت ئەو دوو وڵاتە گەمارۆ بخەنە سەر ئیسرائیل بەو پێیەی هاوپەیمانی ستراتیژیی ئیسرائیلن.