نرخی نەوت، ئەمڕۆ درێژەیدا بە دابەزینی دوێنێی خۆی؛ گەشبینی بە نزیکبوونەوەی ئەمریکا و ڤەنزوێلا، کە ئەگەر هەیە ببێتە هۆی ئەوەی نەوتی ئەو وڵاتە دووبارە لە بازاڕەکاندا بخرێتەڕوو، بە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی نەوت هەژماردەکرێت.
نرخی نەوتی برێنت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (سێشەممە، 17-10-2023) بە بڕی 20 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 89 دۆلار و 60 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 23 سەنت دابەزی و، هەر بەرمیلی بە 86 دۆلار و 43 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
تۆمارکردنی ئەو دابەزینە لەکاتێکدایە، نرخەکانی نەوت رۆژی دووشەممە 1 دۆلار دابەزین.
نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەی، ئەوەش بەپێی شرۆڤەکاران دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزاکانی سەر ئەو وڵاتە کەمبکاتەوە.
لە ساڵی 2019ـوە ئەمریکا سزای بەسەر هەناردەکردنی نەوتی ڤەنزوێلادا سەپاندووە. سەپاندنی سزاکان بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018ـی ئەو وڵاتە بوون، کە بەپێی بەرپرسانی ئەمریکا ‘هەڵبژاردنێکی پڕ لە ساختەکاری بوو.’
هەفتەی رابردوو هەر دوو نرخی نەوتی برێنت و نەوتی تەکساس بەهۆی نیگەرانی لە تەشەنەکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، بەڕێژەی 7.5٪ بەرزبوونەوە.
لەگەڵ ئامادەکاریی ئیسرائیل بۆ هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر غەززە، بڕیارە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی (چوارشەممە) سەردانی ئیسرائیل بکات. نیگەرانی سەری هەڵداوە، کە شەڕ پەرەبستێنێت و ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی ئێران، کە یەکێکە لە بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە ئۆپێک، لە شەڕەکەدا تێوەبگلێت.
شارەزایانی بانکی ئۆسترالی-نیوزلاندی (ANZ) لەو بارەیەوە رایانگەیاند، “مەترسی لە بازاڕی نەوتدا هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا، کە بەرەی نوێی شەڕ لە دژی ئیسرائیل دەکرێتەوە.”