دلۆڤان رەحیم – ههولێر
دوای نزیکەی 10 ڕۆژ شەڕ لە نێوان حەماس و ئیسرائیل و قوربانیی زۆری سڤیل لە هەردوولادا، چاوەڕێ دەکرێت بۆ لەمەودوا ئەو شەڕە کاریگەری گەورە لەسەر ئابووری جیهان دابنێت .
هاوشێوەی جەنگ و شەڕەکانی ڕابردوو لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو شەڕەش دەبێتە هۆی پچڕانێکی تەواو لە ئابووری جیهاندا تەنانەت بۆ ئەو وڵاتانەشی زۆر لەژێر کاریگەریەکەیدا نین .
بەپێی ڕاپۆرتێکی بلۆمبێرگ مەترسی بۆ سەر ئابووری جیهان بەهۆی شەڕەکەوە جیدییە، ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ هێڕشی زەمینی و حەماسیش دەیەوێت وەڵام بداتەوە، قوربانیی هەردوولا ئێستە هەزارانە، مەترسیش هەیە گرووپی چەکداری دیکە لە سووریا و لوبنانەوە بچنە نێو ئەو شەڕە و ئەو کاتە بەرەی شەڕەکە فراوانتر دەبێ و ببێتە مەترسی لەسەر ناوچەیەکی فراوانتر، لە ئەگەری فراوانبوونی شەڕەکە ڕەنگە نرخی نەوت بەرزببێتەوە بۆ زیاتر لە 150 دۆلار بۆ بەرمیلێک هەروەها گەشەی ئابووریی لە جیهاندا بۆ 1.7 دابەزێت، ئەو شەڕە لە سیناریۆ بەهێزەکەیدا زیانی یەک تریلیۆن دۆلار لە ئابووری جیهان دەدات .
بێگومان کایگەری لاوەکیش باس ناکرێت کە بەهۆی شەڕەکەوە دروست دەبن پاش ئەو تراجیدیا مرۆییەی هەفتەی ڕابردوو هەبوو بە کوژرانی هەزاران کەس و دیل و تووندبوونی شەڕەکە، لەگەڵ گیرخواردنی خەڵک لە غەززە، شەڕ لە خۆر هەڵاتی ناوەڕاست کاریگەریەکەی لەسەر ناوچەیەکی فراوانتر لە جیهان دادەنێت، چونکە ناوچەکە دابینکارێکی گرنگی وزەیە بۆ جیهان، شەڕی عەرەب و ئیسرائیل لە 1973 کە بووە هۆی ئەمبارگۆی سەر نەوت و داتەپینی چەندین پیشەسازی نموونەیەکی ڕوونە بۆ ئەو دۆخەی ئێستا هەیە، جەنگی دیکە کەمتر کاریگەرییان هەیە هەرچەندە ژمارەی قوربانییانیشی زیاتر بن .
ئەمڕۆ ئابووریی جیهان خۆی لاوازە، هێشتا لە قۆناغی بووژانەوەدایە لە دوای هەڵاوسانی بەرز بەهۆی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا ،شەڕی دیکە لە ناوچەکە هەڵاوسان بە ڕێژەیەکی زۆر بەرزتر دەکاتەوە، لێکەوتەی دیکەش ڕەنگە بەرزکردنەوەی ناڕەزایەتی بێت لە چەندین وڵاتی عەرەبی هاوشێوەی ئەوەی پێشتر لە بەهاری عەرەبیدا ڕوویدا، هەروەها کاریگەریش لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە رووسیا .
هەموو ئەو سیناریۆ و ئەگەرانەی هەن پشت بەو ڕووداوانە دەبەستێ کە لەماوەی سێ بۆ چوار هەفتەی دادێ هەن، بۆ ئەوەش سێ سیناریۆی زۆر بەهێز هەن دۆخی ئابووری جیهان لەبەردەمیدایە بەهۆی ئەو جەنگەوە .
سیناریۆی یەکەم بریتییە لە جەنگی دوولایەنەکە واتە حەماس و ئیسرائیل تەنیا لەو شوێنە بمێنێتەوە، سیناریۆی دووەم ئەوەیە پەل بهاوێژێت بۆ وڵاتانی دراوسێی ئیسرائیل لەوانە سووریا و لوبنان و ببێتە شەڕی بە وەکالەت لە نێوان هەردوولادا، خراپترین سیناریۆش بەریەککەوتنی هەردوولایە لە جەنگی ڕاستەوخۆدا.لە هەموو ئەوانەدا چەند خاڵێک بە ڕوونی دەردەکەون، ئەوانیش بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، هەڵاوسانی زیاتر، گەشەی کەمتر، هەرچەندە جەنگە درێژە بکێشێت کاریگەرییەکانیشی زیاتر دەبێت .
لە سیناریۆی یەکەمدا هاوشێوەی ئەوەی لە 2014 ڕوویدا خراپتریش لەبەردەمە بەهۆی تووندیی شەڕەکە لەو قۆناغەدا، ئێستا کە 10 ڕۆژە شەڕەکە بەردەوامە نرخی نەوت بەردەوام جووڵەی زیاتر بەراورد بە ڕابردوو، لە مانەوەی شەڕەکە لە نێوخۆی غەززە و ئیسرائیل کاریگەرییەکەی کەمتر دەبێت، بەڵام هێشتا ململانێی نێوان وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت تووندتر دەبێ، هەفتەی ڕابردوو وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند لەو قۆناغەدا کاریگەری زۆر گەورە نابینێت لە لێکەوتەی جەنگەکە.
بەڵام ئەگەر لە سیناریۆی دووەمدا ئەگەر جەنگەکە فراوان بێ، ئەوکاتە باجی سەر ئابووریی ناوچەکە زیاتر دەبێت.
چونکە بە خراپتربوونی دۆخی ئابووری لە چەند وڵاتێکی عەرەبی و ناوچەکە، ئەوکاتە ئابووریی ئەو ناوچانە خراپتر دەبێ و ڕەنگە ناڕەزایەتیشی بەدوادا بێ ، لە سیناریۆی دووەمدا ڕەنگە نرخی نەوت بە ڕێژەی ٪10 بەرزببێتەوە ئەوکاتەش باجەکە لەسەر ئابووریی جیهان قورستر دەبێ.
هەرچەندە سیناریۆی سێیەم هێشتا دوورە و ڕووینەداوە بەڵام لە ئەگەری ڕوودانیدا ئەوا کاریگەرییەکەی زۆر خراپ دەبێ لەسەر ئابووریی جیهان ،ئەوکاتە ئابوریی جیهان گەشەکەی بۆ 2024 بۆ 1.7 بەرز دەبێتەوە ، هەڵاوسانیش لە جیهان بۆ 6.7 .