نرخی نەوت بەهۆی بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوت و بەنزینی کۆگاکراوی ئەمریکا، دابەزی.
نرخی نەوتی برێنت بەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 12-10-2023) دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 30 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 85 دۆلار و 52 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 42 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 83 دۆلار و 7 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەردوو نرخی نەوتی برێنت و تەکساس، زۆربەی قازانجەکانی ئەم هەفتەی خۆیان لەدەستدا، دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە بەڕێژەی 2٪ دابەزین.
شەوی رابردوو، ئامارەکانی پەیوەست بە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا بڵاوبوونەوە، بەپێی ئەو ئامارانە؛ قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە 12 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل زیادیکردووە، ئەوە لەکاتێکدایە پێشبینی دەکرا تەنیا 500 هەزار بەرمیل لە کۆگای نەوتی ئەمریکا زیادبێت.
کۆمپانیای راوێژکاریی ING لەو بارەیەوە رایگەیاند، “بەڕێوەچوونی کارەکانی پەیوەست بە چاککردنەوەی پاڵاوگەکان، هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی قەبارەی نەوتی کۆگاکراوە لە ئەمریکا.”
ING دەڵێت لەبەر ئەو هۆکارە، بە ئەگەری زۆرەوە دابەزینی نرخی نەوت بەو شێوازە بەردەوام نابێت.