نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوت رۆژی هەینی لەکاتی داخستنی بازاڕەکاندا بەرزبووەوە، بەڵام هێشتا لە ئاستی هەفتانە گەورەترین دابەزینی لە دوای مانگی 3ـی ئەمساڵەوە تۆمارکردووە. هەر ئۆنسەیەک زێڕیش لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا بۆ 1832 دۆلار بەرزبووەوە.

نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئیوارەی رۆژی هەینی، 51 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 84 دۆلار و 58 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەر بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 48 سەنت بەرزبووەوە و بە 82 دۆلار و 79 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە رۆژی هەینی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مۆسکۆ قەدەخەی سەر هەناردەکردنی سووتەمەنی هەڵگرتووە، هەروەها نیگەرانی هەیە لە دابەزینی خواست لە درێژخایەندا بەهۆی ئەگەری سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا.

لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 11٪ دابەزی و هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش بە رێژەی 8٪ دابەزیوە.

سەرەڕای ئەوەی کە سعودیە و رووسیا کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانیان تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ درێژکردووەتەوە، بەڵام نیگەرانی سەریهەڵداوە لەسەر ئەوەی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا و ئەوەش کەمبوونەوەی خواستی ئەمریکا بۆ نەوتی خاوی لێدەکەوێتەوە.

یارن شێڵدرۆپ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( ئێس ئی بی) لەوبارەیەوە رایگەیاند، ” هۆکاری پشت دابەزینی گەورەی نرخی نەوت لەم هەفتەیە بۆ نیگەرانییەکان لە دۆخی ئابووریی جیهان و کەمبوونەوەی خواست بۆ نەوت دەگەڕێتەوە.”

رووسیا رایگەیاندووە کە قەدەخەی هەناردەکردنی گازوایلی لە رێگەی بۆرییەوە هەڵگرتووە، بەڵام دەشڵێت، هێشتا کۆمپانیاکان دەبێت 50٪ـی بەرهەمە نەوتییەکانی خۆیان لە بازاڕی ناوخۆدا بفرۆشن.