حکوومەتی عێراق لە گرتنەبەری رێکارەکانی ڕێگریکردن لە دابەزینی بەهای دینار شکستی هێناوە

بەهای دینار ماوەیەکە خێراتر لە جاران ڕووی لە دابەزین کردووە و ئەمەش لای هاووڵاتییان نیگەرانی لێ کەوتووەتەوە و ترسیان هەیە زیاتر شکانی بەهای دینار ببێتە هۆی هەڵاوسان و گرانتربوونی نرخی شتومەک و پێداویستییەکان لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.

دوێنێ شەممە نرخی هەر سەد دۆلاری ئەمەریکی گەیشتە سەرووی سەد و پەنجا و نۆ هەزار دینار و سەرجەم ڕێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراقیش نەیتوانیوە بەهای دینار بەرانبەر دۆلار بەرز بکاتەوە، بەشێک لە هۆکارەکەش بۆ ئەو ڕێوشوێنە توندانە دەگەڕێتەوە ئەمەریکا بۆ پارێزگاریکردن لە دراوی خۆی گرتوویەتە بەر.
وەک ئاشکرایە زۆربەی داهاتی عێراق نەوتە و ئەو داهاتەش بە دۆلار لە بانکی ناوەندیی ئەمەریکا هەڵدەگیرێت بەڵام عێراق ناتوانێت بە ئاسانی سوود لەو دۆلارە وەربگرێت. بۆ ئەو مەبەستە کۆمەڵێک ڕێکاریی بانکیی هەن و ئەمەریکا بە وردی چاودێری ئەو دۆلارە دەکات کە بۆ عێراقی دەنێرێت.
لە ساڵانی ڕابووردودا بەشێکی بەرچاو لەو دۆلارانەی کە ئەمەریکا بۆ عێراقی ناردووە بۆ وڵاتانی ئێران، تورکیا، سووریا، ئوردن و وڵاتانی تر گواستراونەتەوە و ئەمەش وای کردووە ئەمەریکا نیگەران بێت بەتایبەتی لە گواستنەوەی دۆلار بۆ ئێران چونکە ئەمە دەبێتە هۆی پووچەڵکردنەوەی ئەو سزایانەی ئەمەریکا بەسەر ئێرانیدا سەپاندوون.
ئەمەریکا ترسی هەیە دۆلارەکان بگەنە دەستی گرووپە تیرۆریستی و میلیشیاکان و دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بەکاریان بهێنن.
لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەمەریکا هەژدە بانکی عێراقی لە پێدانی دۆلار و مامەڵەی دارایی بێبەش کرد و بەپێی ڕێکارێک کە لەگەڵ حکوومەتی عێراق و بانکی ناوەندی گرتیە بەر، بە پێی ڕاپۆرت و چاودێریی وردی دارایی دۆلار دەدات و ئەمەش بازاڕەکانی عێراقی لەگەڵ کەمیی دۆلار و زۆریی داخوازیی دۆلار بەرەوڕوو کردووە و بۆیەش نرخی دۆلار لە بەرزبوونەوەدایە.
دەگوترێ ئەمەریکا لەوەتەی ساڵی ٢٠٠٣ەوە ساڵانە دە ملیار دۆلار لە پارەی نەوتی عێراقی بە کاش بۆ عێراق گواستووەتەوە بەڵام ئێستە دەستی بەو پارانەوە گرتووە بەتایبەتی دوای ئەوەی دڵنیا بوو بەشێکی زۆر لەو پارانە بۆ دەرەوەی عێراق دەگوازرێنەوە.
هەفتەی ڕابردوو بانکی ناوەندیی عێراق داوای لە ئەمەریکا کرد ملیارێک دۆلاری بۆ دابین بکات بەڵام بانکی ناوەندیی ئەمەریکا ڕەتی کردەوە و گوتی ئەوە پێچەوانەی ئەو ڕێوشوێنانەیە گیراونەتە بەر و ئەمەریکا دەخوازێ لە چوارچێوەی حەواڵە پارە دابین بکات و ئاڵوگۆڕەکانی بازاڕیش لە دۆلارەوە بۆ دینار بگۆڕێت.
خێراتربوونی دابەزینی بەهای دینار لە چەند ڕۆژی ڕابووردودا پەیامێکی ئاشکرای ئەمەریکایە بۆ عێراق کە دەبێ بە تەواوی ڕێنماییەکان ئەمەریکا جێبەجێ بکات و بە هەموو شێوەیەک ڕێ لە گواستنەوەی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران بگرێت.
جگە لە پرسی چوونە دەرەوەی دۆلار بە قاچاخی، ئەو دۆلارەی بانکی ناوەندی ڕۆژانە دەیخاتە بازاڕەوە بەشی پێداویستییەکانی عێراق بە دۆلار ناکات. عێراق وڵاتێکی بەکارهێنەرە و زۆربەی پێداویستییەکانی بە دۆلار دەکڕێت و دابینیان دەکات.
بڕی ئەو دۆلارەی دەڕژێتە بازاڕەکان لە ئاستی داخوازییەکەدا نییە و بۆیەش تا ئەو کاتەی قەبارەی داخوازی و خستنەڕوو هاوسەنگ نەکرێن ئەوا دەبێ چاوەڕێی زیاتری دابەزینی بەهای دینار بکرێت.
هۆیەکی تر کە وایکردووە دینار هەڵبەز و دابەز بکات ئەوەیە نرخی فەرمیی دۆلار لە لای بانکی ناوەندی هەزار و سێسەد و بیست دینارە کەچی لە بازاڕ لە هەزار و شەش سەد دینار نزیک کەوتووەتەوە و ئەمەش دەرفەتی گەندەڵیی زیاتر کردووە و کەسانێک یاری بە نرخەکان دەکەن و لەو بازاڕە داهاتێکی زۆر دەستەبەر دەکەن و خەریکی سپیکردنەوەی پارەکانیانن.