نرخی نەوت دابەزی

دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە، نرخی نەوت بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوو دابەزی، ئەمڕۆش دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەڕێژەی 1٪ زیاتر دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

ئەگەری هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەم هەفتەیەدا، دوای لێدوانەکانی دوێنێی وەزیری وزەی تورکیا، بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دابەزینی نرخی نەوت هەژمار دەکرێت.

ئەمڕۆ، (سێشەممە، 3-10-2023) نرخی نەوتی برێنت 92 سەنت دابەزی و بە 89 دۆلار و 79 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە هەمان بڕ دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 87 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

دابەزینی زیاتری نرخی نەوت لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت زیاتر لە 2 دۆلار دابەزینی تۆمارکردبوو.

جگە لە ئەگەری هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە هۆکارەکانی دیکەی دابەزینی نرخی نەوتن.

بانکی ئۆسترالی – نیوزلاندی (ANZ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، “دابەزینی نرخی نەوتی برێنت بۆ خوارەوەی 90 دۆلار و بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، گوشاری بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە.”

ئاڵپئەرسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا دوێنێ رایگەیاند ئەم هەفتەیە ئامادە دەبن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بۆریی عێراق – تورکیاوە.

شرۆڤەکارانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (BMI Research) کە کۆمپانیایەکی سەر بە ئاژانسی فێچـە، لەو بارەیەوە رایانگەیاند، “لە تیۆریدا و بەپێی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس، دەبێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لە چارەکی چوارەمی ساڵدا بە جێگیری بمێنێتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی پابەندیی عێراق پێشتر لاواز بووە، ئەگەری زیادکردنی هەناردەکردنی نەوت لەلایەن ئەوە وڵاتەوە هەیە، ئەگەر هاتوو بۆرییەکە کرایەوە.”

رۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس دەکرێت و بەپێی پێشبینییەکان، بەرهەمهێنەرانی نەوت خستنەڕووی ئەو کاڵایە لە ئاستەکانی ئێستا دەهێڵنەوە کە بووەتە هۆکار بۆ کەمی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا.