نرخی نەوت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە و هەندێ لە زیانەکانی رۆژی هەینی قەرەبوو کردەوە، هەروەها نرخی زێڕ بەردەوام بوو لە دابەزینەکانی و هەر ئۆنسەیەکی بە 1842 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوت لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ (دووشەممە، 2-10-2023) بە بڕی 18 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی بە 92 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە بڕی 23 سەنت بەرزبووەوە و، بە 91 دۆلار و دوو سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا هەر دوو نرخی نەوتی برێنت و نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بەڕێژەی 30٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە، هۆکاری سەرەکیش کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوتە لەلایەن رووسیا و سعودیە بەبڕی 1.3 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.
بەپێی چەندین سەرچاوە لە رێخکراوی ئۆپێک، بە ئەگەری زۆرەوە بەرهەمهێنەرانی نەوت درێژە بە سیاسەتی کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت دەدەن لە کۆبوونەوەی مانگانەیاندا، کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە بکرێت.
هیرۆکی کیکوکاوا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای نیسان سکیۆریتی لەو باریەوە رایگەیاند “نرخی نەوت سەرەتای مامەڵەکانی ئەم هەفتەیەی بە بەهێزی دەستپێکرد. خستنەڕووی کەمی نەوت، بە جێگیری مانەوە سیاسەتەکانی ئۆپێک پڵەس و پارەدارکردنی حکومەتی ئەمریکا لەلایەن کۆنگریس، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتن.”