بانکی ناوەندیی عێراق رێکاری نوێ بۆ مامەڵەکردن بە دیناری عێراقی راگەیاند

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، رێژەی جێبەجێکردنی گواستنەوەی پشتڕاستکراو گەیشتووەتە زیاتر لە 95% و لە ساڵی داهاتووشەوە سەرجەم مامەڵە بازرگانییەکان بە دیناری عێراقی دەبێت لەبری دۆلار.

رۆژی یەکشەممە (24ـی ئەیلوولی 2023) عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بانکی ناوەندی هەوڵدەدات کەناڵی پەیوەندی راستەوخۆ بۆ بانکە عێراقییەکان لەگەڵ بانکە بیانییەکان بکاتەوە بۆ ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گواستنەوەی دراو.

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرایکرد، ساڵی داهاتوو سەرجەم مامەڵە بازرگانییە ناوخۆییەکان و مامەڵە بازرگانییەکانی دیکە سنووردار دەکەن بە مامەڵەکردن بە دینار لە بری دۆلار.

هاوکات عەلی عەلاق ئاماژەی بەوەشکرد، دەرفەتیان بۆ زۆربەی بازرگانەکان رەخساندووە و لە کەناڵە فەرمییەکانی گواستنەوەی دراوەوە دۆلاریان بە نرخی (1320) دینار بۆ دابینکراوە و روونیکردەوە، سیستمی نوێی گواستنەوەی دەرەکی و فرۆشتنی دۆلار مەترسی هەموو لایەنەکانی پرۆسەکە دەپارێزێت.

ئەم رێکارە نوێیەی بانکی ناوەندیی عێراق دوای ئەوە دێت، رۆژی 15ـی ئەم مانگە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاند، لەگەڵ عێراق رێککەوتوون کار بۆ باشترکردنی کەرتی دارایی بکەین لەپێناو رێگرکردن لە ساختەکاری و خۆدزینەوە لە سزاکان و پارەدارکردنی تیرۆر و چالاکییە نایاساییەکانی دیکە.

ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دوای سەردانی ئێلیزابێس رۆزنبێرگ یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە 12 و 13ـی ئەم مانگە هات بۆ بەغدا و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، بانکی ناوەندی و نوێنەرانی بانکەکانی کەرتی تایبەتی عێراق کۆبووەتەوە و ئاماژەیان بەوەشکردووە، رێککەوتوون لەسەر کارکردنی پێکەوەیی و هەنگاونان بۆ کاری پێکەوەیی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی بەردەوام، بۆ ئەوەی عێراق بگاتە ئاستی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و رێگری بکات لە ساختەکاری و خۆدزینەوە لە سزاکان و پارەدارکردنی تیرۆر و چالاکییە نایاساییەکانی دیکە.

رۆژی (19ـی تەمموزی 2023)، رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئه‌مه‌ریكی له‌ راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەکرد، ئه‌مه‌ریكا مامه‌ڵه‌كردن به‌ دۆلار له‌ 14 بانكی عێراقیی قه‌ده‌غه‌كردووه‌ و له‌ راپۆرته‌كه‌دا لە بەرپرسانی ئیدارەی واشنتنی گواستووەتەوە، ئه‌و سزایانه‌ی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا و بانكی فیدراڵ له‌ نیویۆرك، له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی گشتگیردایه‌ بۆ رێگریكردن له‌ ئاڵوگۆڕکردنی دۆلار لەگەڵ ئێران.

ئەو 14 بانکەی سزادراون بریتی بوون لە (بانکی ئەلموستەشاری ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن، بانکی قڕتاسی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پاردارکردن، بانکی تەیفی ئیسلامی، بانکی ئیلافی ئیسلامی، بانکی ئەربیل بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن، بانکی ئیسلامی نێودەوڵەتی، بانکی عەبر عێراق، بانکی موسڵ بۆ گەشەپێدان و وەبەرهێنان، بانکی راجحی ئیسلامی، بانکی سومەری بازرگانی، بانکی سیقەی نێودەوڵەتی ئیسلامی، بانکی ئەوری ئیسلامی، بانکی جیهانی ئەلعالەمی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن، بانکی زین عێراق ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن).

هەروەها رۆژی (6ـی تشرینی دووەمی 2022)، بانکی ناوەندیی عێراق پێدانی دۆلاری بە چوار بانک راگرت بە مەبەستی وردبینکردن لە مامەڵەکانیان، بانکەکانیش بریتی بوون لە” بانکی ئەنساریی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن، بانکی قابزی ئیسلامی بۆ پارەدارکردن و وەبەرهێنان، بانکی ئاسیای عێراقی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن، بانکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وەبەرهێنان”.

لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵی رابردوودا، نرخی 100 دۆلار لەنێوان 148 ھەزار بۆ 149 ھەزار دینار بوو، بەڵام رۆژی (11ـی کانوونی یەکەمی 2022)ـەوە نرخی 100 دۆلاری ئەمەریکی، 150 ھەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند و دواتر بۆ یەکەمجار 100 دۆلاری ئەمەریکی، 166 ھەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند و تائێستا بەھای دینار ھەر بە ناجێگیری ماوەتەوە.

رۆژی هه‌ینی (3ـی شوباتی 2023)، عه‌لی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوه‌ندیی عێراق و براین نیلسۆن، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری تیرۆر و هه‌واڵگری داراییكۆبوونه‌وه‌ و تاوتوێی دۆخی ئابووری و به‌رزو نزمی به‌های دراویان كرد و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگی سه‌قامگیری ئابووری عێراق كرده‌وه‌. به‌گوێره‌ی رایگه‌یه‌ندراوی بانكی ناوه‌ندی عێراق، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پشتیوانی خۆیی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی ئابووری لەعیراق دووپاتکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، کە ئامادەن نەرمی بنوێنن لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان، هەروەها رێککەوتوون لە هەماهەنگی هاوکارییەکانی نێوانیان بەردەوام بن.

دوای ئەو کۆبوونەوەیەش، شاندێکی دیکەی حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندیی عێراق لە هەمان مانگدا، سەردانی واشنتنیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لەبارەی پرسی دۆلارەوە کۆبوونەوە و گەیشتنە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە چەند پرسێکی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی دراو و رێگریکردن لە چوونە دەرەوەی دۆلار لە عێراق.