نرخی نەوت نزیکدەبێتەوە لە 95 دۆلار

نرخی نەوت ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە، هەروەها نرخی زێڕ بە جێگیری مایەوە و هەر ئۆنسەیەکی بە 1932 دۆلارە.

کەمبوونەوەی قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی بەردین یان لیتەیی ئەمریکا نیگەرانی دروستکردووە لە کەمیی نەوت لە ئەمریکا، کە هاوکاتە لەگەڵ کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت لەلایەن سعودیە و رووسیاوە.

نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، ئەمڕۆ (سێشەممە، 19-9-2023)بە بڕی 27 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی بە 94 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 90 سەنت بەرزبووە و بە 92 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخەکانی نەوت بۆ ماوەی سێ هەفتەی یەک لە دوای یەکە بەردەوامن لە بەرزبوونەوە.

کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا ئاشکرای کرد؛ قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی بەردینی ئەمریکا لە مانگی داهاتوودا دادەبەزێت بۆ رۆژانە 9 ملیۆن و 393 هەزار بەرمیل، ئەوەش کەمترین ئاستییەتی لە دوای مانگی ئایاری ئەمساڵەوە.

دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ کەمکردنەوەی خستنەڕووی 1.3 ملیۆن بەرمیل نەوت لەلایەن سعودیە و رووسیاوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ.

هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 1932 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە 1932 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا و گۆڕانکارییەکی کەمی بەخۆیەوە بینیوە.

نرخی نەوت رۆژی دووشەممە لە هەر ئۆنسەیەکدا نزیکەی 10 دۆلار بەرزببووەوە و لە 1922 دۆلارەوە گەیشتە نزیکەی 1932 دۆلار.

بازرگانانی زێڕ پێیانوایە سبەی (چوارشەممە) لە دوای کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بانکەکە بڕیار لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی نادات، ئەوەش پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.

ئەگەری دووبارە داخستنەوە و بێ بودجە بوونی حکومەتی ئەمریکا، هەندێک پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.

ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا تەنیا دوو هەفتەیان لەبەردەمدا ماوە بۆ ئەوەی بودجەی نوێی خەرجییەکانی حکومەتی ئەمریکا پەسندبکەن.

کۆمارییەکان رەخنەیان لە کەمکردنەوەی بودجەی بەرگری هەیە، بەوپێیەش ئەگەری هەیە دووبارە پەسندکردنی بودجەی خەرجییەکانی ئەمریکا کێشەی تێبکەوێت.

بازرگانانی زێڕ پێیانوایە؛ ئەگەری کەمە بانکی ناوەندیی ئەمریکا سبەی سوودی بانکی بەرزبکاتەوە، بەڵام رەنگە بانکەکە بەهۆی هەڵکشانی هەڵاوسان لە مانگی رابردوو، هەڵوێستێکی تووند بگرێتەبەر و بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگەکانی داهاتوودا رابگەیەنێت.