دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

نرخی نەوت بەرزبووەوە

دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەیانیی ئەمڕۆ نرخی نەوت بەهۆی گەشبینییەکان بە بووژانەوەی ئابووریی چین و نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت لەلایەن سعودیە و رووسیا، بەرزبووەوە، لەهەمان کاتدا نرخی زێڕ بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەکی گەیشتە 1929 دۆلار.

هەر بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور بەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، 18-9-2023) بڕی 39 سەنت بەرزبووەوە و بە 94 دۆلار و 32 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 53 سەنت بەرزبووەوە و بە 91 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

تینا تێنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری CMC Market لەو بارەیەوە رایگەیاند، “هاندانە ئابوورییەکانی چین، داتا ئەرێنییەکانی ئابووریی ئەمریکا و کەمکردنەوەکانی ئۆپێک پڵەس، سێ هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتن.”

یەکێک لەو هاندانانەی هەفتەی رابردوو بانکی ناوەندیی چین بۆ پاڵپشتیی لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتە رایگەیاند، کەمکردنەوەی مەرجی قەبارەی یەدەکی بانکە بازرگانییەکانە کە دەبێتە هۆکار بۆ زیادبوونی نەختینە لەو وڵاتەدا.

ئەم هەفتەیە بازاڕەکانی جیهان چاویان لە داتای دیکەی ئابووری چینە، کە لەگەڵ بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر سوودی بانکی، رادەگەیێندرێن.