چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

نرخی نەوتی برێنت بەرزبووەوە

نیگەرانی لە کەمبوونەوەی نەوت لە بازاڕەکاندا، نرخی نەوتی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە بەرزکردەوە، هەروەها نرخی زێڕ تاڕادەیەک بە جێگری مایەوە و لە هەر ئۆنسەیەکدا تەنیا نزیکەی 3 دۆلار بەرزبووەوە.

نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور، دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 7-9-2023)، 12 سەنت بەرزبووەوە و بە 90 دۆلار و 72 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 11 سەنت بەرزبووەوە و بە 87 دۆلار و 65 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

خەمڵاندنەکان وایە کە هەفتەی رابردوو قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا دابەزیبێت، هەروەها سعودیە و رووسیا رایانگەیاندووە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بەردەوام دەبن لە کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت، ئەو دوو فاکتەرەش بوونەتە هۆی بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، کە پەیمانگەیەکی سەربەخۆی تایبەتە، هەفتەی رابردوو قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا 5 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل کەمیکردووە.

داتای فەرمیی حکومەتی ئەمریکا لەسەر قەبارەی نەوتی کۆگاکراو کاژێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە (بەکاتی هەولێر) بڵاودەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت کاریگەری لەسەر نرخەکان دروستبکات.

سعودیە دوو رۆژ لەمەوبەر رایگەیاند؛ تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە ئاستی خستنەڕووی کەمدەکات و رووسیاش بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی رۆژانە 300 هەزار بەرمیل کەمدەکاتەوە، کە ئەمەش کەمیی نەوتی لە بازاڕدا دروستکردووە.