یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە 88.90 دۆلارە و نرخی زێڕ لە بەرزترین ئاستەکانییەتی

نرخی نەوت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بەجێگری مایەوە و یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور، نەیتوانی بگاتە 89 دۆلار و بە 88 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش بە 1938 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 34 سەنت بەرزبووەوە و بە 85 دۆلار و 89 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەرچەندە سعودیە و رووسیا، دوو بەرهەمهێنەری گەورەی نەوت کە سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس دەکەن، رایانگەیاندووە تاوەکو مانگی 10ـی ئەمساڵ بەردەوام دەبن لە کەمکردنەوەی قەبارەی خستنەڕووی نەوت، بەڵام نیگەرانی لە رەوشی ئابووریی چین هێشتا گوشاری لەسەر بازاڕی نەوت دروستکردووە و بووەتە هۆکاری ئەوەی نرخی نەوت بە ئەستەم بتوانێت بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوەکانی چەند رۆژی رابردووی خۆی.

شرۆڤەکارانی کۆمپانیای راوێژکاریی ING لەوبارەیەوە رایانگەیاندووە، “چاوەڕوان دەکرێت سعودیە و رووسیا بەردەوام بن لە کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت و، پێناچێت ئەو دوو وڵاتە بەمزووانە دەستبەرداری سیاسەتی خۆیان بۆ بەرزکردنەوەی نرخەکانی نەوت بن.”

هەرچەندە رۆژی دووشەممە ئاماری ئەرێنی لەسەر کەرتی پیشەسازیی چین بڵاوبووەوە، بەڵام ئەمڕۆ ئاماری نوێ لەسەر کەرتی خزمەتگوزاری چین بڵاوبووەوە و تێیدا دەرکەوت؛ گەشەی کەرتی خزمەتگوزاری لەو وڵاتە خاوبووەتەوە بۆ کەمترین ئاستی هەشت مانگی رابردووی، ئەمەش بازرگانانی نەوتی گەیاندووەتە ئەو بڕوایەی؛ خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت لە داهاتوو کەمدەبێتەوە.

هەر ئۆنسە زێڕ بە 1938 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ (سێشەممە، 5-9-2023) نرخی زێڕ لە دەوروبەری بەرزترین ئاستەکانی یەک مانگی رابردووی مامەڵەی پێوەکرا و، هەر ئۆنسەیەکی بە 1938 دۆلار بوو.

بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و دابەزینی متمانەی بەکارهێنەران لە ئەمریکا، بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانانی زێڕ بە گەشبینییە مامەڵە بە زێڕ بکەن، بەوپێیەی چاوەڕوان دەکەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی رۆژانی 19 و 20ـی ئەم مانگەدا، سیاستی نەختی خۆی نەگۆڕێت.

هەرچەندە بانکی ناوەندی ئەمریکا لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودادا سوودی بانکی بەرزکردووەتەوە بۆ سەرووی 5٪، بەڵام پێدەچێت ئەم مانگە بەردەوام نەبێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی.

بەرزنەکردنەوەی سوودی بانکی دەکرێت ببێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و کانزاکان.