تورکیا و عێراق لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم رێك كەوتن؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

هاتنی هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، چەندین شرۆڤەی بۆ كرا، هەموو شرۆڤەكانیش لەسەر ئەوە كۆک بوون، كە سەرەكیترین تەوەر، بە لای هاكان و توركیاوە، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بووە بە ڕێگەی توركیاوە، كە لە مانكی سێی ئەمساڵەوە ڕاوەستاوە. شارەزایەكی بواری وزەیش پێی وایە، هەردوو وڵات رێک كەوتوونە نەوتی هەرێم هەناردە بكرێتەوە.

یڵماز ئارزوو، مامۆستای زانكۆ و شارەزای بواری وزە و هەروەها شارەزای سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێی وایە ئەو قەیرانەی لە نێوان توركیا و عێراق دروست ببوو لەسەر هەناركردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، لە دانیشتنی فیدان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق چارەسەر كراوە.
ئارزوو، قسەی بۆ (میدیاسكۆپ) كردووە و دەڵێت، سەرەكیترین تەوەر كە فیدان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسی كردووە، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بووە، هەردوو لایەنیش بە گوێرەی خۆیان سازشیان لە داواكارییەكانیان كردووە، تا بتوانن نەوتی هەرێم بە ڕێگەی توركیادا بچێتە بەندەری جەیهان و بفرۆشرێت.
بەڵام توركیا، لە عێراق زیاتر سازشی لە داواكارییەكانی خۆی كردووە، بەتایبەت كاتێك بۆ ماوەی پێنج مانگ چاوەڕێی عێراقی كرد تا بەداواكانی توركیا رازی بێت و عێڕاقیش رەتی كردەوە، بۆیە توركیا بەهاتنی فیدان، هەموو ئەو كێشانەی نێوانیانی چارەسەر كردووە.
مەرجەكانی توركیا چین؟
توركیا داوای لە عێڕاق كردبوو، كەمپی مەخموور كە پەكەكەی لێیە، پێویست دەكات سیستەمە رادارەكانی توركیا چاودێرییان بكات و مەخموور لەلایەن توركیاوە چاودێری بكرێت، بەڵام عێراق بەو داوایەی توركیا رازی نەبووە.
هەروەها توركیا داوای لە عێراق كردووە، لەو قەرەبووە خۆش بێت كە دادگای ناوبژێوانی پاریس بەسەر توركیادا سەپاندووە، لە پای فرۆشتنی نەوتی هەرێمی بەبێ رەزامەندی عێڕاق، بەڵام عێراق، بەو داوایەش رازی نەبووە، بۆیە وەكو ئەوەی چاودێرانی سیاسی باسی دەكەن، پێدەچێت توركیا دەستبەرداری ئەو دوو داوایەی بووبێت، ئەمەش ئەوكات دەردەكەوێت كە نەوتی هەرێمی كوردستان دەست بە هەناردەكردن بكاتەوە.
بەگوێرەی بۆچوونی ئارزوو، توركیا بۆیە سازش لە داواكارییەكانی خۆی دەكات، چونكە دەزانێت پەرلەمانی عێراق لەژێر دەسەڵاتی ئێراندایە و ئێرانیش دەیەوێت ئەو نەوتە لە ڕێگەی ئێرانەوە بفرۆشرێت، یان ئێران دەیەوێت لە بری ئەو قەرزانەی داویەتی بە عێراق، نەوتی هەرێمی كوردستان وەربگرێت، بۆیە توركیا نایەوێت ئەو نەوتە بەئێراندا تێپەڕێت و سوومەندەكە ئێران بێت، دەیەوێت نەوتی هەریمی كوردستان، بە خاكی توركیادا تێپەڕ بێت، بۆیە ئامادەیە سازش بكات و لە داواكارییەكانی خۆش بێت.
پرسیارە جەوهەرییەكە ئەوەیە، ئایا ئێران رێگە دەدات نەوتی هەرێمی كوردستان، بە توركیادا تێپەڕ ببێت و بفرۆشرێت؟ چونكە ئێران دەسەڵاتێكی تەواوی بەسەر عێڕاقدا هەیە، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، دەكرێت بڵێین بەڵێ ئێران رازییە، چونكە ئەمریكا ماوەیەكە فشارێكی زۆر گەورەی لە سووریا خستووەتە سەر ئێران و لەو هێزانە دەدات كە ئێران پاڵپشتیان دەكات، هەروەها فشارێكی گەورەی ئابووری خستووەتە سەر ئێران و بەشێكی ئەو كۆمپانیایانەی نەوتی هەرێم بەرهەم دەهێنن سەر بە ئەمریكان، بۆیە ڕاگرتنی نەوتی هەرێم ئەمریكای نیگەران كردووە.
ئارزوو پێی وایە، ئێران رازی دەبێت نەوتی هەرێم هەناردە بكرێتەوە، چونكە دەیەوێت بە ئەمریكا بڵێت فشارەكانم لەسەر كەم بكەرەوە و، منیش بەربەست بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دروست ناكەم.