نرخی نەوتی برێنت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەجێگیری لە نزیکەی 84 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرزبووەوە بۆ 1925 دۆلار.
نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی زیاتری سوودی بانکیی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا و کەمبوونەوەی خواست لەسەری بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان بە دوودڵییەوە مامەڵە بە نەوتەوە بکەن.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە 84 دۆلار و 42 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە 80 دۆلار و 8 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی راپرسییەکان، 80٪ـی شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە مانگی داهاتوو سوودی بانکیی بەرزنەکاتەوە و 86٪یش پێشبینی دەکەن سوودی بانکیی لە مانگی 11ـی ئەمساڵ بەرزبکرێتەوە.
لیۆن لی، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (سی ئێم سی مارکێت) لەو بارەیەوە رایگەیاند، “ئەستەمە بۆ نرخی نەوت لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵ ئەو بەرزبوونەوەیە کە لە مانگی حەوت کردی بەردەوام بێت. هۆکارەکەشی نیگەرانییە لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکیی.”
لیۆن لی پێیوایە، نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواست گوشاری لەسەر نرخەکانی نەوت داناوە، بەتایبەتی کەمبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە.
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرزبووەوە بۆ 1925 دۆلار
ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 0.3٪ بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی 3 هەفتەی رابردوو.
هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە 1925 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ دابەزینی سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا و بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە دەگەڕێتەوە.
ئەم هەفتەیە کۆمەڵێک ئاماری ئابووری پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا، بازاڕی خانووبەرە و گەشەی کۆی بەرهەمی ناوخۆی ئەو وڵاتە بڵاودەبێتەوە و ناڕوونی ئامارەکان بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی خواست بۆ کڕینی زێڕ لە رۆژی سێشەممەدا لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە زیاد بکات.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئامارەکانی پەیوەست بە متمانەی بەکاربەران لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە و رۆژی چوارشەممەش ئامارەکانی پەیوەست بە گەشەی ئابووریی ئەمریکا بڵاودەبێتەوە کە بەپێی شرۆڤەکاران، کاریگەری بەرچاو لەسەر بازاڕەکان دادەنێت.