نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ سەرووی 85 دۆلار بەرزبووەوە

نیگەرانی لە کەمیی خستنەڕووی نەوت لەلایەن ئەندامانی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، ئەمڕۆ دووشەممە 21-08-2023 بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ سەرووی 85 دۆلار بەرزبووەوە. هاوکات ئۆنسەیەک زێڕیش بە 1892 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

هەرچەندە بازرگانان بە وردی چاو لە رەوشی ئابووریی چین دەکەن و هەفتەی رابردوو بەهۆی نیگەرانی لە رەوشی ئابووریی چین نرخی نەوت بە رێژەی 2% دابەزی، بەڵام لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیە نرخی نەوتی برێنت 75 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک نەوت بە 85 دۆلار و 55 سەنت مامەڵەی پێوە کرا.

هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 80 سەنت بەرزبووەوە و بە 82 دۆلار و 5 سەنت مامەڵەی پێوە کرا.

ستیفانۆ گراسۆ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئەیت وانت ئەیج) لە سەنگاپوورە رایگەیاند، بڕی هەناردەکردنی نەوت لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە بۆ ماوەی دوو مانگە دابەزیوە، لەبەر ئەوەش کەمیی خستنەڕووی نەوت دروستبووە و بووەتە هۆکار بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت.

لە مانگی رابردوودا قەبارەی هەناردەکاری سعودیە بۆ چین بە رێژەی 31% دابەزی. لە ئەمریکاش ژمارەی سەکۆ نەوتییەکان 5 سەکۆ کەمیکردووە بۆ 520 سەکۆ، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ کەمبوونەوەی قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا لە داهاتوودا.

ئەم گۆڕانکارییانە لە بازاڕی نەوتدا بەگشتی ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوتیان بەرزکردووەتەوە.

ئۆنسەیەک زێڕ بە 1892 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت

ئەمڕۆ دووشەممە 21-08-2023 و لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 1892 دۆلار بە جێگیری مایەوە.

نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان و بازاڕی کاری ئەمریکا لە مانگی 7 بازرگانانی زێڕی ناچار کردووە کە بە وریاییەوە مامەڵە بکەن.

ئەم هەفتەیە بازرگانانی زێڕ چاویان لە گوتاری جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە کە بڕیارە رۆژی هەینی گوتارێکی گرنگ لەبارەی رەوشی ئابووریی ئەمریکا و بەتایبەتی سیاسەتی نەختی بانکەکە پێشکێش بکات.

نرخی زێڕ هەفتەی رابردوو نەیتوانی بەرگری لە ئاستی هەستیاری 1900 دۆلار بکات و تەنانەت دابەزی بۆ 1884 دۆلار. ئەو ئاستە کەمترین ئاستی نرخی کانزای زەردە لە ماوەی چوار هەفتەی رابردوودا.

ئێستا بازرگانانی زێڕ لەوە نیگەرانن کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان ناچاربێت بۆ ماوەیەکی درێژتر لەوەی کە پێشبینییان کردووە، سوودی بانکی لە ئاستێکی بەرزدا و لە سەرووی 5% رابگرێت.

بەرزبوونەوەی سوودی بانکی بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆکار بۆئەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا بەرزببنەوە و بەهای کاڵا و کانزاکان دابەزن.