نرخی نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 86 دۆلار دابەزی

لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان لەم هەفتەیەدا، ئەمڕۆ (دووشەممە، 14-8-2023) نرخی نەوت بەهۆی سستبوونەوەی ئابووری چین و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، دابەزی.

هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 73 سەنت دابەزی و بە 86 دۆلار و 8 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 71 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 82 دۆلار و 48 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەفتەی رابردوو ئامارەکانی پەیوەست بە نرخی کۆفرۆشی لە ئەمریکا بڵاوکرانەوە، تێیاندا دەرکەوت نرخەکان بەراورد بە پێشبینییەکان زیاتر بەرزبوونەتەوە، ئەوەش بەهای دۆلاری بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکای بەرزکردەوە.

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریش بووە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای کانزا و کاڵاکان.

ڤاندانا هاری، دامەزرێنەری کۆمپانیای راوێژکاریی ڤاندا ئینسایت لەو بارەیەوە رایگەیاند، “نرخی نەوت ماوەیەکە لە ئاستە بەرزەکاندا مامەڵەی پێوەدەکرێت، هۆکارەکەشی بۆ گەشبینی بە رەوشی ئابووریی ئەمریکا دەگەڕێتەوە.”

ڤاندانا هاری دەڵێت، بەپێچەوانەی ئابووریی ئەمریکا، پێشبینیی خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی ئەوروپا و چین دەکرێت، ئەوەش نرخەکانی نەوتی ئەمڕۆ (دووشەممە) دابەزاندووە.”

تاوەکو هەفتەی رابردوو، نرخی نەوت بۆ ماوەی نزیکەی 2 مانگ ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتبووەبەر.

تینا تێنگ، شرۆڤەکاری کۆمپانیای راوێژکاری CMC Market لەو بارەیەوە دەڵێت، “ئۆپێک پڵەس بەڵێنی داوە بە هەر شێوازێک بێت، بەرگری لە نرخەکانی نەوت بکات و رێگە لە دابەزینیان بگرێت. ئەوەش هۆکاری بەرزبوونەوەی چەند هەفتەی رابردووی نرخەکانە.”