ڕاپۆرتێکی بانکی جیهانی: گەشەی ئابووریی عێراق لاواز بووە، هۆکەشی گەندەڵی زۆر و سستیی چاکسازییە

بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی جیهانی، گەشەی ئابووریی عێراق لە نیوەی دووەمی 2023وە دەکەوێتە بەر زیان و دەوەستێت هۆکەشی بەپێی ڕاپۆرتەکە، زیادبوونی سنووردارکردنی کەرتی نەوتییە لەو وڵاتە، عێراق لە بەراوردی گەشەی بەرهەمی نێوخۆیی لە نیوەی دووەمەوە تووشی زیان دەبێت .

عێراق لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ هەردوو ساڵی 2020 و 2021 بەهۆی کۆرۆناوە تووشی زیانی دارایی زۆر بووەوە، هەرچەندە دەبوو ئەو گەشەیە لە بەراوردی 2023 دا لەگەڵ ئەو ساڵانە پێش بکەوێت، بەڵام ئێستا هۆشداری هەیە لە خراپتربوونی.
عێراق مانگی ئایاری ئەمساڵ ڕایگەیاند بەپێی ڕێککەوتنی ئۆپێک ڕۆژانە دوو سەد و یازدە هەزار بەرمیل کەم دەکاتەوە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023، بەڵام ئێستا لە لایەکی دیکە خەریکی پەرەپێدانی چەند کێڵگەیەکە بۆ بەرهەمی زیاتری نەوت .
ڕاپۆرتەکەی بانکیی جیهانی دەڵێت؛ گەشەی ئابووریی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2023 بە ڕێژەی 2.6 دابەزیوە هۆکارەکەشی کەمیی هەناردەی نەوت بووە ،بەڵام لە بەراوردی ساڵدا گەشەی ئابووری گەیشتووەتە ٪7.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ساڵدا بگاتە 1.1، لە گەشەی بەرهەمی نانەوتیشدا گەشەکە دەگاتە 4.4 .
بەپێی ڕاپۆرتەکە : خراپی و سستی چاکسازی، لەگەڵ جێگیریی نرخی نەوت و کەمیی گەشە لە بەرهەمی نانەوتی نەبوونی ژینگەیەکی گونجاوی بازرگانی ، گەندەڵی زۆر کاریگەری دەخەنە سەر ئابووری عێراق و بەو شێوەیە پێش ناکەوێت کە خواستی عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بێت
عێراق لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بە بەهای چل و چوار ملیار و چوار سەد ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە ، لە بەراوردی هەمان ماوە بۆ ساڵی رابردوو بڕەکە کەمی کردووە .
لە ڕاپۆرتەکەدا هەروەها رەخنە لە زۆری خەرجییەکان گیراوە لە بودجەی سێ ساڵەی عێراق کە ڕێژەی ٪59ـی بودجەکەی خەرجییە لەکاتێکدا نرخی نەوت بە 70 دۆلار دانراوە و رۆژانە سێ ملیۆن نیو بەرمیل هەناردە دەکات، بەپێی زانیاری بانکیی جیهانی پێویستە نرخی نەوت بگاتە 112 دۆلار بۆ ئەوەی عێراق کورتهێنانەکانی لە بودجە پڕ بکاتەوە ، جگە لەوەش عێراق بە ڕێژەی زۆر هێشتا پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و نەیتوانیوە ئابوورییەکەی فرە سەرچاوە بکات .
بەپێی ڕاپۆرتەکە ئەو بودجەیە بۆ سێ ساڵ چارەی دەردی ئابووریی عێراق ناکات، بەتایبەت لە ڕووی لاوازیی ئابووری و ژێرخانی گشتی هێشتا لە دۆخێکی خراپدایە.
عێراق لە 2022دا بودجەی نەبوو، لەگەڵ شەش مانگی 2023 ش بە هەمان شێوە، ئەوە کاریگەری خراپی لەسەر دۆخی ئابووری هەبووە و قەبارەی خەرجیی لە بودجەدا سەد و پەنجا و دوو ملیار دۆلارە .
هەموو ئەوانە لەکاتێکدان کە نرخی دیناریش لە بەراوردی لەگەڵ نرخی دانراو لە بودجە نزیکەی بیست هەزار دیناری جیاوازە واتە دیناری عێراقی نزیکەی ٪15ـی بەهاکەی لەدەستداوە و بێتواناترە لەوەی عێراق خۆی بۆ ئامادە کردووە ،ئەو دۆخەش لە بازاڕرەکانی عێراق هەڵاوسانی بە ڕێژەی ٪7.2 بەرزکردووەتەوە لە بەراوردی ساڵدا.