مووچەی مانگی حوزەیرانی لیوا هاوبەشەکان دابەشدەکرێت

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، ئەمڕۆ مووچەی مانگی حوزەیرانی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت و هێشتا وەزارەتی دارایی هیچ وادەیەکی بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی دیکەی دیارینەکردووە، بەڵام گەنجینەکان لیستەکانیان ئامادەکردووە.

رۆژی یەکشەممە، 9-7-2023، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە سەرچاوەیەکی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ مووچەی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشبکرێت و هێشتا راگەیاندنی لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران لەبەردەستدا نییە.

بەپێی سەرچاوەکە، “مووچەی مانگی حوزەیرانی لیوا هاوبەشەکان لەسەرجەم بانکەکان بەیەک رۆژ دابەشناکرێت، بەڵکو بۆ ئەوەی قەرەباڵخی دروست نەبێت، بەشێک لە بانکەکان کراون بە چەند بەشێکەوە.”

لە کۆی نزیکەی 170 هەزار پێشمەرگە، نزیکەی 44 هەزار پێشمەرگە لە چوارچێوەی 22 لیوای هاوبەشدا لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە یەکخراون؛ هەر لیوایەک لە چوار فەوج کراوەتە سێ فەوج.

ئەمریکا مانگانە 20 بۆ 25 ملیۆن دۆلار بۆ پێشمەرگە دەنێرێت؛ ئەو پارەیە نزیکەی 35 هەزار پێشمەرگە لێی سوودمەند دەبن. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، گەنجینەکان لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانیان ئامادەکردووە. لەوبارەیەوە شادمان ئازاد، بەڕێوەبەری گەنجینەی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، “ئێمە وەکو گەنجینەکان لیستی مانگی حوزەیرانمان ئامادەکردووە و وردبینیکراوە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە پێمان گوترابێت کەی مووچە دابەشدەکرێت.”

چاوەڕواندەکرێت دوای کەوتنەبواری جێبەجێکردنی یاسای بودجە کە ئێستا تەنیا رێنماییەکانی خەرجکردنی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ماوە، ئیدی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەمێنێت. 

دوای پێنج رۆژ لە گفتوگۆی بەردەوام، بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە (12-6-2023) پەرلەمانتارانی عێراق دەنگیان بە سەرجەم مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 دا. 

مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەپێی رەشنووسی بودجە بەمشێوەیەیە: 

– مووچەی فەرمانبەران؛ 9 تریلیۆن و 299 ملیار و 513 ملیۆن دینار

– چاودێریی کۆمەڵایەتی؛ 1 تریلیۆن و 346 ملیار دینار

– مووچەی پێشمەرگە؛ 228 ملیار و 304 ملیۆن دینار

ئەو پارەیەی بۆ مووچەی مووچەخۆران تەرخان دەکرێت، دەگاتە 10 تریلیۆن و 873 ملیار و 817 ملیۆن دینار، بەو پێیە ئەگەر دابەشی مانگەکانی بکەین، مانگانە دەکاتە 906 ملیار دینار. قەبارەی بودجەکە بۆ هەر ساڵێک نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە و ساڵانە 16 تریلیۆن دیناریش لەو بڕە، پشکى هەرێمى کوردستانە.