لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا نرخی نەوت بە رێژەی 6.5٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە

نرخی نەوت رۆژی هەینی بەرزبووەوە، بەڵام لە ئاستی چارەکدا، لە چوار چارەکی رابردوو بەهۆی نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان، نرخەکانی نەوت دابەزیون. 

نرخی نەوتی برێنت لە کاتی داخستنی بازاڕەکان لە رۆژی هەینی 56 سەنت بەرزبووە و بە 74 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. 

هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 78 سەنت بەرزبووە و بە 70 دۆلار و 64 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا نرخی نەوت بە رێژەی 6.5٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. 

نرخەکانی نەوت بەهۆی بەرزکردنەوەی سوودی بانکیی لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهان و خاوی بووژانەوەی ئابووریی چین روویان لە دابەزین کردووە. 

هەفتەی رابردوو، بەهۆی بەرزبوونەوەی چالاکییە ئابوورییەکان لە ئەمریکا و کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە کرد. 

رۆژی هەینی ئامارەکانی پەیوەست بە نرخەکانی بەکاربەر لە ئەمریکا بڵاوبوونەوە و تێیدا دەرکەوت کە ئاراستەی بەرزبوونەوەی نرخەکان خاوبووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان پێشبینی بکەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەگەری هەیە سوودی بانکیی لە داهاتوودا بەرزنەکاتەوە.

ئامارەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا نرخی زێڕی بەرزکردەوە بۆ 1920

نرخی زێڕ رۆژی هەینی بە رێژەی 5٪ بەرزبووەوە و دوورکەوتەوە لە نزمترین ئاستەکانی سێ مانگی رابردووی خۆی.

لەکاتێکدا نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ رۆژی پێنجشەممە دابەزی بۆ نزیکەی 1890 دۆلار، بەڵام رۆژی هەینی نرخی زێڕ بەرزبووەوە بۆ 1920 دۆلار.

هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسانی مانگی پێنج دەگەڕێتەوە کە تێیدا دەرکەوت خێرایی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ئەمریکا کەمبووەتەوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا، هەڵاوسان لە مانگی 5دا بەرزبووەتەوە بۆ 3.8٪. ئەمە لە کاتێکدایە کە مانگی پێشتر هەڵاوسان 4٪ بووە، بەوپێیەش ئاراستەی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ئەمریکا خاوبووەتەوە.

خاوبوونەوەی هەڵاوسان لە ئەمریکا کاریگەریی ئەرێنی لەسەر نرخی زێڕ داناوە لەبەر ئەوەی کە بازرگانان پێیانوایە، ئەگەر ئاراستەی هەڵاوسان روو لە دابەزین بکات، بانکی ناوەندیی ئەمریکا ناچار نییە لە چەند مانگی داهاتوودا روو لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکیی بکات.

بەرزکردنەوەی سوودی بانکیی لە ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی زێڕ.