نرخی نەوت بەرزبووەوە

دوای دوو رۆژ لە دابەزین، دواجار ئەمڕۆ نرخی نەوت لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە. هەروەها ئۆنسەیەک زێڕ بە 1937 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. 

پێشبینی دەکرێت قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا روو لە دابەزین بکات، بەو هۆیەشەوە قەرەبووی کەمبوونەوەی خواستی چین لەسەر نەوتی خاو بکاتەوە. ئەمە بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت لە رۆژی چوارشەممە.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت 35 سەنت بەرزبووەوە و بە 76 دۆلار و 25 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 34 سەنت بەرزبووەوە و بە 71 دۆلار و 53 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

ئەمڕۆ سەرۆکی بانکی ناوەندی لەسەر رەوشی ئابووریی ئەمریکا و سیاسەتی بانکی ناوەندی لە کۆنگرێس گوتارێک پێشکێش دەکات و پێشبینی دەکرێت کاریگەری بەرچاو لەسەر بازاڕەکان دابنێت.

بانکی ئۆسترالی – نیوزلاندی ANZ لەو بارەیەوە رایگەیاند، “پێشبینی دەکەین ئەمڕۆ جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا لەبەردەم کۆنگریس باس لە تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختی بانکەکە بکات و دووپاتیبکاتەوە کە پێویست بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان.”

ئەگەر سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرای بکات کە ئابووریی ئەمریکا بە بەهێزی دەمێنێتەوە کاریگەریی لەسەر بەرزکردنەوەی نرخی نەوت دادەنێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئەگەری کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا بووەتە پاڵپشتی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی زێڕ.

هەرچەندە ئەمڕۆ ئامارە فەرمییەکانی پەیوەست بە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا رادەگەیێنرێت، بەڵام پێشبینیکراوە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە بەبڕی 400 هەزار بەرمیل بەراورد بە هەفتەی رابردوو کەمبووبێتەوە. 

ئۆنسەیەک زێڕ بە 1937 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە جێگیریی لە نزمترین ئاستەکانی سێ مانگی رابردووی خۆیدا مامەڵەی پێوەکرا و هەر ئۆنسەیەکی بە 1937 دۆلار دەستاودەستی پێکرا.

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا لە چەند رۆژی رابردوودا بوونە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای کاڵا و کانزاکان. 

ئەمڕۆ جیرۆم پاوڵی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کاژێر 05:00 بە کاتی هەولێر لە بەردەم کونگرێسی ئەمریکا گوتارێک پێشکێش دەکات و زۆربەی شرۆڤەکاران پێیانوایە لە گوتارەکەیدا پاوڵ باس لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە چەند مانگی داهاتوو دەکات.

بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دۆلار و نرخی زێڕ دادەبەزێنێت.

بەپێی شرۆڤەکاران، گوتارەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەگەری هەیە ببێتە هۆکار بۆ گۆڕینی ئاراستەی نرخی زێڕ یان دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 2000 دۆلار یان دایدەبەزێنێت بۆ خوارەوەی 1900 دۆلار.