وەزارەیی نەوتی عێراق رایگەیاند، بەم نزیکانە لەگەڵ لایەنی تورکیا کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە لە 25ی ئاداردا بە بڕیارێکی نێودەوڵەتی راگیراوە.
باسم محەممەد عەبادی، بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، “لەگەڵ تورکیا رێککەوتووین بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە 19ی مانگ لەبەغدا، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمێک بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی کوردستانەوە بۆ بەندەرەی جەیهانی تورکی.
عەبادی گوتیشی: “هەردوو لایەن لە ماوەکانی رابردوودا، لە رێگەی ئاڵوگۆڕکردنی گفتوگۆکان پابەندبوون بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە زووترین کاتدا” روونیشیکردەوە، ئەنقەرە دواکەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستن و پشکنین بۆریەکانی تورکیا گەڕاندەوە.
بریکارەکەی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان ئاماژەی بەوەشکرد، رێژەی هەناردەکردن جێگیرە بە سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە رێگەی بەندەرەکانی بەسرە، ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی نەوت ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرێژەی 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
لەسەر داوای فەرمی حکومەتی عێراق، تورکیا لە 25ی ئادار بە شێوەیەکی فەرمی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەندەری جەیهان ڕاگرت. بە گوێرەی داتاکانی ڕۆیتەرز، لەو کاتەوە تا ئێستا، هەرێمی کوردسان زیاد لە 2 ملیار دۆلار زیانی پێگەیشتووە بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوەتەوە.
هەرچەندە حکومەتی عێراق پێشووتر بەشێوەیەکی فەرمی داوای لە ئەنقەرە کردبوو بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام تورکیا بە پاساوی ئەوەی کە لە ڕووی تەکنیکیەوە ئامادەکارییەکان نەکراون بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی هەناردەکردن.
بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوتی باکوور بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە کە کۆمپانیای نەوتی تورکی سەر بە حکومەتی تورکیا ناسراو بە بۆتاس ڕایگەیاندووە، پێش دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت، چەند پشکنینێکی بۆریەکانی گواستنەوەی نەوت پێویستە، دواتر لەو بارەیەوە دەسەڵاتدارانی عێراق ئاگادار دەکرێتەوە لەبارەی بارودۆخی بۆرییەکانەوە.