بەرەبەیانی ئەمڕۆ نرخی نەوت دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا کەمێک بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەڵام دوای چەند کاژێرێک لە مامەڵەکان دووبارە رووی لە دابەزین کرد. نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش نزیکەی 1935 دۆلارە.
بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە هۆشداریی دا کە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان پێویستی بە بەرزکردنەوەی زیاتری رێژەی سوودی بانکییەوە، ئەوەش بازاڕە داراییەکانی جیهان و بەتایبەتی بازاڕی نەوتی دابەزاند.
هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-06-2023 زیاتر لە یەک دۆلار دابەزی و بە 72 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەکرا؛ هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا لە نزیک 68 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی برێنت رۆژی چوارشەممە تاوەکو 74 دۆلاریش بەرزبووەوە، بەڵام دوای بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا دابەزی بۆ نزیکەی 72 دۆلار.
نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە چەند مانگی داهاتوودا ئەگەری سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکای زیادکردووە کە دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواست بۆ کاڵا و کانزاکان.
نرخی ئۆنسەیەک زێر دابەزی بۆ نزیکەی 1935 دۆلار
نرخی زێر رۆژی پێنجشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە دابەزینی زیاتر کرایەوە، دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەی تێکەڵاوی لەسەر سوودی بانکی و چۆنێتیی بەرزکردنەوەی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بڵاوکردەوە.
هەرچەندە دوای کۆبوونەوەی کۆمیتەی بازاڕی ئازادی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، رێژەی سوودی بانکی بە جێگیری مایەوە، بەڵام بانکەکە رایگەیاند، بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان پێویستیان بەوەیە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ سوودی بانکی دووبارە بەرز بکەنەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ دابەزی بۆ نزیکەی 1935 دۆلار و بە رێژەی 0.2% بەهای خۆی زیاتر لەدەستدا و بەو پێیەش بۆ ماوەی سێ هەفتەی یەک لەدوای یەکە نرخی زێڕ دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت.
دابەزینی زێڕ تەنانەت لە کاتێکدایە کە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە دابەزینی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە نزمترین ئاستی لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا.
بازرگانان پێشبینی دەکەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ دوو جاری دیکە سوودی بانکی بەرز بکاتەوە و ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای بازاڕەکانی ئەمریکا و دابەزینی بەهای دۆلار و نرخی کانزاکان.