نرخی نەوتی برێنت بەرزبووەوە

دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ، نرخی نەوت بەرزبووەوە و هەندێ لە زیانەکانی رۆژی پێشتری قەرەبوو کردەوە.

ئەمڕۆ (سێشەممە، 13-6-2023) نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 52 سەنت بەرزبووەوە و بە 72 دۆلار و 34 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 35 سەنت بەرزبووەوە و بە 67 دۆلار و 47 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوت، رۆژی دووشەممە زیاتر لە سێ دۆلار دابەزیبوو، بەهۆی نیگەرانی لە خستنەڕووی زۆر و ئامارەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا و کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا.

تاتسۆفۆمی ئۆکۆشی، شرۆڤەکاری کۆمپانیای راوێژکاریی نۆمۆرا لەمبارەیەوە رایگەیاند، “لەدوای دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت لە رۆژی دووشەممە، هەندێ لە بازرگانان بەمەبەستی بەدەستهێنانی قازانج، دەستیان بە کڕینی نەوت کردووە و هەندێکی دیکەشیان پێیانوایە سعودیە رێگە بە دابەزینی زیاتری نرخی نەوت نادات”.

ئەو شرۆڤەکارە پێی وایە؛ ئەگەری دابەزینی زیاتری نرخەکانی نەوت لە ئارادایە بەهۆی ئەوەی “بوژانەوەی ئابووریی چین هێندە خێرا نییە، کە خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت بەرزبکاتەوە”.

بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەمڕۆ دەست بە کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژی دەکات سەبارەت بە سوودی بانکی لەو وڵاتە و بڕیارە رۆژی چوارشەممە لەو بارەیەوە بڕیار بدات.

ئەمڕۆ هەروەها ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا لە مانگی پێنجدا بڵاودەبنەوە، کە کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دادەنێن.